سزاکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان و عێراق یەکدەخرێن

هەوڵ بۆ یەکخستنی تۆمار و سزای پێشێلکارییەکانی هاتوچۆ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەدرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی عێراق کار دەکات بۆ بەستنەوەی سیستمی سەرجەم تۆمارکردن و سزادانی پێشێلکارییەکانی هاتوچۆ لە نێوان ناوەندی عێراق و هەرێمی کوردستان. سەبارەت بە بەستنەوەی تۆمارەکان و سزاکان قسەمان لەگەڵ عەقید حەیدەر شاکر، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتووچۆی عێراق کرد و بە کوردستان24 ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە جددی کار دەکات بۆ یەکخستنی سزاکانی پێشێلکارییەکانی هاتوچۆ لە نێوان شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە ببەسترێنەوە، بۆ ئەوەی کاتێک ئۆتۆمبێلی تابلۆی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق لە هەرێمی کوردستان سەرپێچی دەکات یان بە پێچەوانەوە سزای پێبژاردنی بۆ بکرێت و لە رێگەی ئەو سیستمەوە داتاکان بەیەکەوە ببەسترێنەوە.

دەشڵێت؛ بوونی داتای هاوبەش لە نێوان پۆلیسی هاتوچۆی هەردوولادا ئاسانکاری تەواوی بۆ ئەو هەوڵانە کردووە. پرسیارمان لەبارەی رێگەنەدان بە ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی لە هەرێمی کوردستان بۆ شارەکانی عێراق کرد، هۆکاری چییە ئەو ئۆتۆمبێلانەی هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە و سەرجەم بەڵگەنامەکانیان پشتڕاستکراونەتەوە رێگەیان پێنادرێت.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هاتوچۆی عێراق گوتی؛ بە گوێرەی یاسای هاتوچۆ ژمارە هەشتی ساڵی 2019 رێگە بەو ئۆتۆمبێلانە نادات تابلۆی سەرەکییان نییە و هیچ هەوڵێکیش بۆ هەموارکردنەوەی ئەو یاسایە نییە.

لە نێوان هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دیکەی عێراق جیاوازی لە شێوازی تۆمارکردن و جۆری پێشێلکارییەکانی هاتوچۆدا هەیە. لە هەرێمی کوردستان، لە زۆر شوێن کامێرای خاڵ‌ بۆ خاڵ و کامێرای چاودێریی جۆراوجۆر بەکاردەهێنرێت بۆ تۆمارکردنی پێشێلکارییەکان، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەو سیستمە لە عێراق بەشێوەیەکی سەرەکی کاری پێناکرێت.