كاروانێكی سوپای عێراق گه‌یشته‌ میحوه‌ری مه‌خموور

ئه‌و هێزه‌ له‌ 750 سه‌رباز پێكهاتووه‌ و چه‌كێكی زۆریان پێیه‌

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/c46f9dd2-5c2c-4ed2-8473-dab46d47aa6f/geshtni%20sopy%20iraq%20bo%20mxmur.ism/manifest

K24 – میحوه‌ری مه‌خموور‌:

له‌ چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رزگاركردنی مووسڵ، بڕیاره‌ چوار هه‌زار سه‌ربازی سوپای عێراق بگه‌نه‌ میحوه‌ری مه‌خموور،ئه‌مشه‌ویش كاروانێكیان گه‌یشته‌‌ ناوچه‌كه‌. ‌

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان 24، ئه‌و هێزه‌ی ئه‌مشه‌و گه‌یشتووه‌ته‌ میحوه‌ری مه‌خموور له‌ 750 سه‌رباز پێكهاتووه‌، 150 ئه‌فسه‌ریشیان له‌گه‌ڵدایه‌ و چه‌كێكی زۆریشیان پێیه‌.

پێشتر فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی رزگاركردنی مووسڵ رایگه‌یاندبوو: "هه‌ماهه‌نگییان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌ باشه‌ بۆ ئه‌وه‌ی شاری مووسڵ رزگاربكه‌ن".

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان 24 ئه‌و هێزه‌ی سوپای عێراق هاتووه‌ته‌ میحوه‌ری مه‌خموور، ماوه‌ی سێ مانگه‌ له‌ به‌غدا  له‌لایه‌ن سوپای ئه‌مریكاوه‌ مه‌شق و راهێنانیان پێكراوه‌، بڕیاریشه‌ له‌ سه‌ربازگه‌ی گره‌سوور له‌ میحوه‌ری مه‌خموور جێگیربكرێن.

دوێنێش نووسینگه‌ی حه‌یده‌ر عه‌بادی رایگه‌یاند، له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ رۆما و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیتاڵیا، حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌: "ده‌ستیكردووه‌ به‌ ناردنی هێزی سه‌ربازی بۆ رزگاركردنی مووسڵ".

هه‌ر دوێنێ میدیاكانی عێراق‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانی هادی عامری سه‌رۆكی رێكخراوی به‌در و سه‌ركرده‌ی حه‌شدی شه‌عبی گواسته‌وه‌ و رایگه‌یاند‌: "رۆڵی حه‌شدی شه‌عبی له‌ ناوچه‌یه‌كی جوگرافیی دیاریكراودا قه‌تیس ناكرێت، سه‌ره‌ڕای بوونی ناڕازیكاران به‌ڵام حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری له‌ رزگاركردنی مووسڵ ده‌كات".

هادی عامری گوتی: "كه‌س ناتوانێت رێگریمان لێبكات بچینه‌ ناو مووسڵ، شاره‌كه‌ ته‌نها له‌ رێی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌ سه‌ربازییه‌كانی عێراق و هۆزه‌كانه‌وه‌ نه‌بێت رزگار ناكرێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: "پێویسته‌ سه‌ره‌تا شارۆچكه‌ی شه‌رگات له‌ باشووری شاره‌كه‌ كۆنتڕۆڵبكرێته‌وه‌، تا حه‌شدی شه‌عبی بگاته ده‌روازه‌كانی مووسڵ".

عامری زیاتر گوتی: "سه‌ره‌ڕای ناڕازیكاران جا ناوخۆیی یان عه‌ره‌بی یان بیانی بن، حه‌شدی شه‌عبی به‌شداری له‌ شه‌ڕیی رزگاركردنی مووسڵ ده‌كات".

سه‌ره‌ڕای بوونی هێزێكی زۆری سوپا و پۆلیسی عێراق، له‌ 10حوزه‌یرانی 2014، چه‌كدارانی داعش، شاری مووسڵ (465 كیلۆمه‌تر له‌ باكووری به‌غدا) ناوه‌ندی پارێزگای نه‌ینه‌وا كۆنتڕۆڵكرد.   

ئا: موحسین حوسێن