موشی یاعلوون: سووریا دابەشدەبێت بۆ سێ ھەرێمی جیا

جۆن مەكین: پۆتین دەیەوێ رووسیا وەك زلھێز لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێشانبدات

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/0bda0412-249b-4beb-9ab6-2866a39e733a/Agr%20bast%20surya%20yalon.ism/manifest

K24- ھەولێر:

موشی یاعلوون، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، سووریا دابەشدەبێت بۆ سێ ھەرێمی جیا و رەنگە لە كۆتاییدا ئەو سێ ھەرێمە بە شەڕ بێن لەگەڵ یەکدی.

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل راشیگەیاند: "من زۆر رەشبینم لەبارەی دۆخی سووریاوە، رەنگە لە كۆتایی ئەم ھەفتەیە ئاگربەستی كاتیی رابگەیەندرێت، بەڵام من وای دەبینم سووریا دابەشدەبێت بۆ سێ ھەرێمی كوردیی و عەلەوی و سوننە، رەنگە ئەونیش شەڕ لەگەڵ یەكتر بكەن".

هاوکات چاودێران دەڵێن ھێشتا وادەی راگەیاندنی ئاگربەست لە سووریا نەھاتووە، بەرپرسانی ناوچەكە و جیهان بە نیگەرانییەوە خوێندنەوەی بۆ دەكەن و گەشبین نین.

لەمبارەیەوە جۆن مەكین، سیناتۆری کۆماریی ئەمریكا رایگەیاند: "ڤلادیمیر پۆتین، سەرۆكی رووسیا نایەوێ ھاوكاری ئێمە بێ، تەنیا دەیەوێ لە مانەوەی ئەسەد دڵنیابێت و رووسیا وەك زلھێز لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست پێشانبدات".

جۆن مەكین گوتیشی:"پۆتین لە ھەوڵی ئەوە دایە سووریا وەك گۆڕەپانی راھێنان و تاقیكردنەوەی سەربازیی رووسیا بەكاربێنێت و دەیەوێ سیناریۆی کریمیا دووبارە بكاتەوە و چوونی پەنابەران بە لێشاو بۆ ئەوروپا بەردەوام بێت و پڕۆژەی ئەوروپا لە سووریا ھەرەس بێنێت".

سەرچاوە: AFP، ئامادەكردنی: شنۆ محەممەد