ئەمریکا داوای ئازادکردنی سەركردەكانی رەوتی سەوزی ئێران دەكات
فەرماندەی پێشووی هێزی پۆلیسی ئێران: ئەم سێ رێبەرە ناڕازییە راستەوخۆ بە فەرمانی عەلی خامەنەیی دەستبەسەرکراون
K24- ھەولێر:
وەزارەتی دەروەی ئەمریکا بە فەرمیی داوای لە ئێران کرد ھەر دوو سەركردەی بزووتنەوەی سەوزی ئێران، میرحوسێن موسەویی و مەهدی کەڕووبی ئازاد بكات كە لە دوای ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی سەرۆك كۆماری ئێران دەستبەسەركراون.
ئەو دوو كەسایەتییە دیارە سەر بە باڵی ریفۆرمخوازانی ئێرانن و دوای ھەڵبژاردنی خوولی دەیەمی سەرۆك كۆماری ئێران كە بۆ جاری دووەم محموود ئەحمەدینیژاد ھەڵبژێردرایەوە، نارەزایەتییان دەربڕی و رایانگەیاند: "ساختەكاریی لە ھەڵبژاردندا كراوە".
لێدوانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە پێنجەمین ساڵی دەستبەسەرکردنی میرحوسێن موسەویی و ھاوسەرەكەی زەهرا رەهنەوەرد و مەهدی کەڕووبی لە لایەن دەستەڵاتی ئیرانەوە، بابەتەکەی نوێ ورووژاند.
مارک تۆنەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەروەی ئەمریکا گوتی: "کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی داوا لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەكات، ئەو سێ بەندكراوە ئازاد بكات".
میرحوسێن موسەویی و مەهدی کەڕووبی، دوو كاندیدی خوولی دەیەمی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران بوون و زەهرا رەهنەوەردش چالاکوانی مافی ژنان و هاوسەری موسەوییە و ماوەی پێنج ساڵە لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە لە ماڵی خۆیان دەستبەسەرکراون.
ھەر لە سەرەتای راگەیاندنی ئەنجامی دەیەمین خوولی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری ئێران، پیرۆزبایی سەركەوتن لە میرحوسێن موسەویی كرا، بەڵام خێرا وەزارەتی ناوخۆی ئێران رایگەیاند: "مەحموود ئەحمەدینیژاد زۆرترین دەنگی بەدەستهێناو".
دواتریش لایەنگرانی ریفۆرمخوازان لە تاران خۆپێشاندانی گەورەیان رێکخست و گوتیان: "دەنگەكانمان دزراون".
ئەم خۆپێشاندانانە کوشتن و بریندارکردن و زیندانیکردنی هاوڵاتیانی لە لایەن دەسەڵاتدارانی ئێران لێکەوتەوە و بە گوتەی رێکخراوەکانی چاودێریکردنی مافی مرۆڤ لە جیهان بەندکراونیش لە لایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە ئەشکەنجە دران.
لە كاتی ھەڵبژاردنی خوولی یازدەیەمی سەرۆك كۆماری ئێراندا، یەکێک لە دروشمەکانی حەسەن رووحانیی ئازادكردنی موسەویی و کەڕووبی بوو، بەڵام محەممەد تەقی کەڕووبی، کوڕی مەهدی کەڕووبی دەڵێ: "تا ئێستا کابینەی رووحانیی بۆ ئەم مەبەستە هیچ کارێکی لەدەست نەهاتووە".
گوتەبێژی حکوومەتی رووحانیی، محەممەد باقر نۆبەخت سێ هەفتە بەر لە ئێستا بە ئاشكرا گوتی: "رووحانیی بۆ پرسی ئازادكردنی ئەو بەندكراوانە هیچی لەدەست نایەت".
ھەروەھا فەرماندەی پێشووی هێزی پۆلیسی ئێران، ئیسماعیل ئەحمەدیی موقەدەم گوتی: "ئەم سێ رێبەرە ناڕازییە راستەوخۆ بە فەرمانی رێبەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، عەلی خامەنەیی دەستبەسەر کراون".
داڕشتنەوە: لەیلا قادریی