پسپۆرێك: لە سلێمانیی ھێزێك دەیەوێ بەم نا ئارامییە گرەو بباتەوە

نووسەرێك: خەڵكی شاری سلێمانیی لە بەرامبەر ھەر دیاردەیەك وەڵامیان ھەبووە

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/b731ac1f-6255-41df-8895-77a6e9adf767/Narezayekan.ism/manifest

K24- سلێمانی:

ماوەیەکە پاریزگای سلێمانی بووەتە مەڵبەندی دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر قەیرانی دارایی و بێ مووچەیی، ھاوکات فەرمانبەرانی حکوومەت لە پایتەختی رۆشنبیریی کوردستان زیاتر لە دوو ھەفتەیە بایکۆتی دەوامیان کردووە، بەم ھۆیەوە دامودەزگاکانی حکوومەت پەکیان کەوتووە، بەشیک لە لایەن و رۆشنبیران وەك نەریتێكی ھەمیشەیی و ژیاری سلێمانیی دەزانن، ھەندێكی دیكەش رایانوایە ئەم دۆخە بۆ مەرامی سیاسیی بەكاردەھێنرێت.

ھەڵکەوت عەبدوڵڵا، یەكێكە لە نووسەرە دیارەكانی سلێمانیی لە لێدوانێكیدا بۆ (كوردستان24) رایگەیاند: "شاری سلێمانی ھەر لە دێر زەمانەوە شارەێكی ھۆشمەند و رەخنەگر بووە و تیڕوانینی ھەبووە و نوێگەریی لە بوارە جیاجیاكان ھێناوەتە ئاراوە".

گوتیشی: "بەو مانایە نییە كە شارەكانی دیكە خوانە خواستە كەم ئاستتربن، بەڵام خەسڵەتی خەڵكی شاری سلێمانی، خەسڵەتێك بووە لە بەرامبەر ھەموو ئەو دیاردە سیاسیی و كۆمەڵایەتیی ئابوورییانەی كە لەو شارە ھەبوونە، وەڵامی خۆیان ھەبووە".

ئەگەر چی قەیرانی دارایی ھەموو ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و بەڵام ئەوەی دەبینرێت فشار و ھەڵچونەکان لە شاری سلێمانییەوە سەرچاوەیان گرتووە، ناڕەزایی و ئارام نەگرتنی ھاوشاریان لەبەرامبەر گرفتەکاندا بەشێوەیەکی دیارتر دەبینرێت بەرای پسپۆران و مێژوو ناسان جگە لەوەی شارەکە جیاواز نییە لەگەڵ پارێزگاکانی ھەرێمی كوردستان، بەڵام ئاراستەی بەڕێوەبردنی سیاسیی تێیدا ھۆکارە.

کەیوان ئازاد، پسپوری بواری میژوو: "دەبوایە شاری سلێمانی پێشەنگ بوایە لە ئارامكردنەوەی ھەولێر و دھۆك، كاتێك كە تۆ مووچەت نییە و باری ئابوورییت خراپە مافی خۆتە ھەنگاو بنێیت، بەڵام من بیر لەوە دەكەمەوە ساڵی 2012، ھیچ كێشەیەكی ئابووریی و كۆمەڵایەتی سیاسیی لە ھەرێمی كوردستان نەبوو".

ئەوەشی خستەڕوو: "خەڵكی ئەو شارە ھاتنە سەرشەقام و 17ی شوباتیان دروستكردوو دواجار رووداەكەیان بەو ئاراستە برد كە بینیمان ھیوادارم ھەڵە نەبم لە ھەرێمی كوردستان و بە تایبەتیی لە سلێمانیدا ھێزێك ھەیە كار لەسەر ئەوە دەكات بەم نا ئارامییە گرەو بباتەوە".

تا دێت قەیرانەکانی ھەرێمی کوردستان قووڵتر دەبنەوە و ژیانی خەڵکیش سەختتر دەبێت، کاریگەریی ئەم قەیرانەش لەسەر سلێمانیی وایکردووە ھەمیشە ناڕەزایەتییەکان لەم شارەوە دەستپێبکەن، بەڵام وەک خەڵکیی دەڵێن، ئەگەر بەشێکی ناڕەزایەتییەکان ئاراستەکراو بن، ئەوا زیاتر رەنگدانەوەی بارودۆخی خراپی کۆمەڵگە و شڵەژاوی سیاسیی و ئابووریی و ئیدارەی شارەکە و ھەرێمی کوردستانە.

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا

Fly Erbil Advertisment