کەرکووک.. چارەنووسی 10 ملیۆن دۆلار "نادیارە"
"بەپێی گرێبەستی نێوان ئیدارەی کەرکووک و هەرێمی کوردستان لە بڕی ھەر برمیلێک نەوتی ھەناردەکراوی کەرکووک، دوو دۆلار دەدرێت بە ئیدارەی کەرکووک"

K24- کەرکووک:
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، ئاگاداری بڕی ئەو 10 ملیۆن دۆلارە نین کە لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە نێردراوە بۆ شاری کەرکووک، ھەر بۆیە داوای روونکردنەوە لە پارێزگاری کەرکووک دەکەن لەبارەی ئەو بڕە پارەیە.
پارێزگاری کەرکووک، نەجمەدین کەریم، لە راگەیاندراوێکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد کە بڕی 10 ملیۆن دۆلار گەیشتووەتە کەرکووک لە لایەن حکومەتی ھەرێمی کوردستانەوە وەک یەکەم وەجبەی پارەی پترۆدۆلاری نەوتی کەرکووک کە لە لایەن ھەرێمەوە ھەناردە کراوە، دوا بەدوای بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵە، مشتومڕ لەنێوان ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکدا دەستیپێکرد، کە بەشێکی زۆریان تا ئێستا ئاگاداری خەرجکردنی ئەو بڕە پارەیە نین و نازانن چۆن خەرج دەکرێت و کێ مامەڵەی پێوە دەکات، بەشێکیانیش تەنھا لە رێگەی راگەیاندنەکانەوە زانیویانە کە پارە گەیشتووەتە کەرکووک.
رێبوار تاڵەبانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە وەكالەت دەڵێ: "ئاگادارین كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەو بڕەپارەیەیی بۆ كەركووك تەرخانكردووە، بەڵام بڕواناكەم ئەو پارەیە گەیشتبێتە بانكەكانی كەركووك".
بەپێ زانیارییەکانی کوردستان24، پارێزگاری کەرکووک، نەجمەدین کەریم، گرێبەستێکی لەگەڵ حکوومەت و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ کردووە، بەپێی ئەو گرێبەستە لە بڕی ھەر برمیلێک نەوتی ھەناردەکراوی کەرکووک، بڕی دوو دۆلار دەدرێت بە ئیدارەی کەرکووک.
ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ھیچ زانیارییەکیان نییە لەسەر ئەو گرێبەستانەی کە پارێزگاری کەرکووک لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمدا واژۆیانی کردووە تایبەت بە نەوتی شارەکە.
ئازاد جەباریی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك دەڵێ: "جێگەی داخە بێ ئەوەی پرس بە خەڵكی كەركووك بكرێت ئەو گرێبەستانە كراوە ئێمە بێ ئاگاین لێی".
رمێلە حەمید، سەرۆکی لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکیش ئاگاداری گەیشتنی ئەو پارەیە نییە و دەڵێ: "زانیارییەکان لای ئیدارەیە، بەڵام پارێزگاری ئیدارەی کەرکووک، کە پرسیاری گەیشتنی ئەو بڕە پارەی لێ دەکرێت خۆی لە وەڵامی ئەو پرسیارە دەشارێتەوە".
ئامادەکردنی: سۆران کامەران
داڕشتنی: شنۆ محەممەد