كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن: كار بە سیستمی نوێی ھەڵبژاردنی عێراق ناكەین

شارەزایەكی ھەڵبژاردن: بۆ ئەم سیستمە دەبێ لە یەك كاتدا لە ھەموو عێراق كارەبا ھەبێت

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/e5548385-12dc-4ea7-956d-c2cfe6cef73d/helbjardn.ism/manifest

K24- ھەولێر:

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەكانی عێراق سەرقاڵی سیستمی نوێی بایۆمەترییە بۆ تۆماركردنی ناوی دەنگدەران، بەڵام سەرۆكی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی لە ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەوان كار بەو سیستمە ناكەن.

ھەندرێن محەممەد، سەرۆکی كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی لە ھەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "بە ھیچ شێوەیەك سیستمی بایۆمەتریی لە ھەرێمی كوردستان بەكار ناھێنین بۆ ھیچ ھەڵبژاردنێك، چونكە ئەوە پڕۆژەی بەغدایە".

هەندرێن محەممەد گوتیشی: "ئێمە وەك ھەرێمی كوردستان ئەگەر بیر لە بەكارھێنانی تەكنەلۆجیا بكەینەوە بە تایبەتیی كارتی ئەلكترۆنیی ئێستا پڕۆژەی ئاسانتر ھەن".

ھۆگر چەتۆ، شارەزای پرۆسەی ھەڵبژاردن لەم بارەوە دەڵێ: "سیستمی بایۆمەتریی پێویستی بە بواری لۆجستیی گرنگ ھەیە، پێویستە كارەبا لە ھەموو عێراق لە یەك كاتدا ھەبێت، چونكە ئەو سیستمە بە رێگەی ئینتەرنێتەوە ھەمووی بەیەكەوە دەبەستێتەوە".

رونیكردەوە: "لە سیستمی بایۆمەتریی دەنگدەر كاتێك یەكجار دەنگیدا ناتوانێت لە بنكەیەكی دیكە دەنگبدات".

كۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی لە ھەرێمی كوردستان بەپێی یاسای ژمارە 4 ساڵی 2014 لە پەرلەمانی كوردستان متمانەی وەرگرتووە و ئێستا سەربەخۆیە لە بڕیارەكانی خۆی بۆ پەسەندكردنی سیستمی بایۆمەتریی یان رەتكردنەوەی.

داڕشتنەوە: ھەڤاڵ مەلا