وه‌زیری به‌رگریی عێراق: پێشمه‌رگه له شه‌ڕی مووسڵ به‌شدارده‌بێ
"بڕیاری بەشداریکردنی حەشدی شەعبیی لە شەڕی دژی داعش، لەدەستی سوپاسالاری عێراقە"
K24 – هه‌ولێر:
بەرپرسە عێراقییەکان، رایده‌گه‌یه‌نن، شه‌ڕی رزگاركردنی مووسڵ نزیكبووه‌ته‌وه، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش، تا دێت به‌غدا هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی میحوه‌ری مه‌خموور ده‌كات، وه‌زیری به‌رگریی عێراقیش ده‌ڵێ: پێشمه‌رگه له‌شه‌ڕی مووسڵ به‌شدار ده‌بێ.
وەزیری بەرگری عێراق، خالید عوبێدی، لە کاتی ناردنی یەکەم یه‌كه‌ی سه‌ربازی لە لیوای 71 لە بەغدا رایگەیاند: "پێشمەرگە بەشداریی لە شەڕی رزگاركردنی مووسڵ ده‌كات، هەماهەنگییەکی تەواوییان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی هەیە، بڕیاری بەشداریکردنی حەشدی شەعبیش لە شەڕی دژی داعش، لەدەستی سوپاسالاری عێراقە".
وەزیری بەرگری عێراق گوتیشی: "پێشتر سێ بەتالیۆن ره‌وانه‌ی هه‌رێمی كوردستان كراوه و لە مەخموور جێگیرکراون، هه‌روه‌ها ھێزی زیاتریش ره‌وانه ده‌كرێ".
نه‌جات عه‌لی، به‌رپرسی میحوه‌ری مه‌خمووری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به ماڵپه‌ڕی (كوردستان24)ی راگه‌یاند: "له چوارچێوه‌ی ئاماده‌كارییه‌كان بۆ رزگاركردنی شاری مووسڵ، شه‌وی رابردوو 25 ئۆتۆمبێلی سه‌ربازیی سه‌ر به فیرقه‌ی 15ی سوپای عێراق گه‌یشتنه مه‌خموور".
به‌رپرسی میحوه‌ری مه‌خموور ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: "ئامانج له هاتنی ئه‌و هێزه بۆ ته‌واوكردنی ژماره‌ی فیرقه‌ی 15ی سوپای عێراقه و بڕیار وابوو له‌م مانگه‌دا سه‌رجه‌م هێزه‌كه بگاته مه‌خموور، به‌ڵام تاكوو ئێستا ئه‌و هێزه به‌ته‌واوی نه‌گه‌یشتوون".
پێشتر هاوپه‌یمانیی هێزه عێراقییه‌كان كه له چه‌ند لایه‌نێكی سوننه پێكهاتووه، راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە تێیدا هاتووە: "به به‌شداریی سوپای عێراق و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تیی له ئۆپه‌راسیۆنی رزگاركردنی شاری مووسڵ له ده‌ستی داعش پێویسته رۆڵه‌كانی ئه‌و شاره بهرپرسیارێتییەکەی بگرنه ئه‌ستۆ به‌بێ به‌شداریی هیزه‌كانی حه‌شدی شه‌عبیی".
به‌گوێره‌ی راگهیەندراوەکە دوای كۆبوونه‌وه‌ی هاوپه‌یمانیی سوننه‌كان به سه‌رۆكایه‌تی ئوسامه نوجێفیی و به ئاماده‌بوونی وه‌زیره‌كان و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی پەرلەمانی عێراق له عه‌ره‌بی سوننه: "به‌كۆی ده‌نگ بڕیاری به‌شداربوونی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه درا شان به شانی سوپای عێراق و هاوپه‌یمانان له رزگاركردنی شاری مووسڵ".
به‌گوێره‌ی راگهیەندراوەکە بۆ گرتنه‌وه‌ی شاره‌كه هاوكاریی هاووڵاتیانی مووسڵ ده‌كرێت له رووی سه‌ربازیی و پڕچهككردنیانهوه و به‌هیچ شێوه‌یه‌كیش رێگه نادرێت حه‌شدی شه‌عبیی شیعە له‌و جه‌نگه به‌شداربێ.
لایه‌نه‌كانی سوننه ده‌شڵێن: "هه‌ر بڕیارێك بۆ به‌شداریپێكردنی حه‌شدی شه‌عبیی له جه‌نگی مووسڵ، ده‌بێته هۆی هاوكاریكردنی چه‌ته‌كانی داعش و روودانی جه‌نگی تائیفی".
راگه‌یاندنه‌كه ئه‌وه‌شی خستووه‌ته روو: "حه‌شدی وه‌ته‌نیی كه له سه‌رجه‌م پێكهاته نه‌ته‌وه‌یی و ئایینییه‌كانی خه‌ڵكی پارێزگای نه‌ینه‌وا پێكدێت، ده‌توانن مامەڵە له‌گه‌ڵ هاووڵاتیانی پارێزگاكه بكه‌ن و ئه‌ركی خۆیان ئه‌نجامبده‌ن".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه رۆژی 20 ئه‌م مانگه سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە بەردەم پەرلەمانی عێراقدا گوتی: "بۆ رزگاركردنی مووسڵ ھەماھەنگیی تەواومان لەگەڵ پێشمەرگە كردووە".
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ئاشكراشی كرد، ھەموو دیدارەكانی لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی ھەماھەنگیی سەربازیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بووە و گوتیشی: "ھەموو ھێزەكان لە ھەڵمەتی ئازادكردنی مووسڵدا بەشدار دەبن".
ھەروەھا سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رایگەیاند ھەماھەنگییە سەربازییەكانی نێوان بەغدا و ھەولێر بەردەوامن و پێشمەرگەش بەشێكە لە سیستمی بەرگریی عێراق.
داڕشتنه‌وه‌ی: م.ح