چاره‌نووسی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم به‌ره‌و كوێ؟
ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن پێشمه‌رگه‌وه رزگاركراون
K24 – هه‌ولێر:
له شه‌ڕی دژی داعش، هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌شێكی زۆری له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی رزگاركردووه‌ته‌وه، ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه ئایا چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه به‌ره‌و كوێ ده‌چن؟.
دكتۆر دلاوەر عەلائەدین شارەزا لە بواری سیاسەت بۆ كوردستان24 گوتی: "ئه‌وانه‌ی پێشتر هه‌ڕه‌شه‌بوون له‌سه‌رمان ئێستا خۆیان لاوازن، دیمه‌شق ئێستا لاوازه، ئێمه‌ش به‌شێكین له به‌غدا و ده‌توانین سیاسه‌ت داڕێژینه‌وه و كاریگه‌رییان لێبكه‌ین".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌وه‌ی مایه‌ی نیگه‌رانییه ئه‌وه‌یه لایه‌نه كوردییه‌كان ستراتیژییه‌تێكی گشتگیر و روانگه‌یه‌كی درێژخایه‌نیان وه‌رنه‌گرتووه، بڵێن به‌مشێوه‌یه ده‌چین و ئێستا هه‌مووی به جیا بیر له‌و بابه‌ته ده‌كاته‌وه".
له رووی یاسایی و ده‌ركردنی یاسایه‌ك بۆ ریفراندۆم تا ئه‌و ناوچانه بڕیار له‌سه‌ر داهاتووی خۆیان بده‌ن، شوان شێخ ئەحمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگه‌یاند: "پێویسته یاسایه‌ك ده‌ربچێ یاسای ریفراندۆم، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و ناوچانه بڕیار له ئاینده‌ی خۆیان بده‌ن، ئایا ده‌یانه‌وێ بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان یاخود چ شێوازێكی دیكه‌یان ده‌وێ".
دكتۆر رەشاد میران مامۆستای زانكۆش له‌وباره‌یه‌وه گوتی: "له هه‌موو عێراق كێشه‌ی نێوان پارێزگاكان هه‌یه كه هه‌موویان ده‌چنه قه‌واره‌ی مادده‌ی 140، به‌ڵام ئه‌و مادده‌یه به تایبه‌ت بۆ كوردستان گرینگه".
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد: "ئه‌و مه‌سه‌له‌یه چاره‌نووسه، مه‌سه‌له‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌ییه، ده‌بێ له داهاتوودا به سیاسه‌ت و به راپرسی چاره‌سه‌ر بكرێ".
راپۆرت: هێرۆ مه‌ولوودی
داڕشتنه‌وه‌ی: م.ح