چاكسازییهكانی عهبادی له ژێر ههڕهشهی لایهنه سیاسییهكانی عێراقدایه
كورد له چاكسازییهكانی عهبادی بێدهنگی ههڵبژاردووه
K24 - كهركووك:
تا ئێستا فراکسیۆنە کوردستانییەکان لە بەغدا پڕۆژەیەکی ھاوبەشیان نییە پێشکەشی حکوومەتەکەی حەیدەر عەبادی بکەن و داواکارییەکانیان لەو چاکسازییانەی کە بڕیارە ئەنجامبدرێت لەوەزیرەکانی حکومەتی عێراق دیار نییە، پەرلەمانتارێکیش حکومەتی عێراق بەشکست خواردوو وەسف دەکات.
ئێستا حکوومەتەکەی عەبادی بەدۆخێکی قورسدا تێپەڕدەبێت، بەشێك لەوەزیرەکان ھەڕەشەی دەست لەکارکێشانەوە دەکەن و بەشێکیش لەکوتلەکانی نێو پەرلەمانی عێراق، دەنگی ناڕەزاییان لێ بەرزبووهتەوەو داوای سەندنەوەی متمانە لەحەیدەر عەبادی دەکەن، بەڵام کورد بێ دەنگەو وەك تەماشاکار دەڕوانێتە ڕووداوەکان.
بەبڕوای پهرلهمانتارێكی عێراق، کورد لەسەرەتاوە بەپێگەیەکی لاوازەوە چووهتە بەغدا، بۆیە لەئەگەری گۆڕانکارییەکانیشدا چاوەڕوان ناکرێت کورد پێگەیەکی بەھێزی ھەبێت.
پێدەچێت کوردیش لەحکوومەتی عێراق نائومێد بووبێت، بۆیە تا ئێستا لەسەر ئاستی سەرکردایەتیدا بەشێوەیەکی فەرمی قسەیان لەسەر یەكھەڵوێستی فراکسیۆنە کوردییەکان نەکردووە، چونکە بەلای بەشێکی لەپەرلەمانتارە کوردەکانەوە، ئێستا شتێک نەماوە بەناوی عێراقەوە.
بەشێک لەھێزە سیاسییەکانی عێراق، پێیانوایە ئەوەی لەلایەن عەبادیەوە لەژێر چەتری گۆڕانکاریدا ھەنگاوی بۆ دەنرێت، ھەڵەیەکی کوشندەیەو دژی بنەماکانی ڕێکكەوتنە سیاسییەکانە، ناکرێت لەو گۆڕانکارییانەدا کەسی سەرکەوتوو و شكستخواردوو، لەیەك قاڵبدا مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.