یاریدەدەری سەركونسولی ئێران: ئاراستەی پەیوەندییەكانمان دەگۆڕدرێت

"ئێران و پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان لە یەك سەنگەردا دژی سەدام حوسین شەڕمانكردووە، ئیستاش ھەر دوو لامان بە دژی تیرۆریزم لە سەنگەرێكداین".

K24 – ھەولێر:

یاریدەدەری سەركونسولی ئێران لە ھەولێر، گوتی، ھەڵبژاردن لە ئێران كاریگەری ئەرێنی لەسەر پەیوەندی نێوان ئێمە و ھەرێمی كوردستان دەبێت.

موحسین باوەفا تایبەت بە كوردستان 24 گوتی: "بێگومان ھەڵبژاردن لە ئێران كاریگەری زۆری لەسەر پەیوەندییەكانمان لە گەڵ وڵاتانی دراوسێ دەبێت، ئێران 15 وڵاتی دراوسێی ھەیە، بەڵام پەیوەندی ئێران و ھەرێمی كوردستان جیاوازە".

موحسین باوەفا گوتی: "ئێران لەگەڵ ھەرێمی كوردستان خاوەنی خاڵی ھاوبەشی  مێژوویی، سیاسیی و كولتووری زۆرن و نزیك بە 700 كیلۆمەتر سنووری ھاوبەشمان ھەیە".

یاریدەدەری سەركونسولی ئێران لە ھەولێر بۆ كوردستان 24ی گوتی: "پەیوەندی ئێران و ھەرێمی كوردستان دەگەرێتەوە بۆ مێژوو و تەنانەت بۆ ھەزاران ساڵ بەر لە ئێستا، بەڵام ئەگەر وردتر ئاوڕ لە سەردمی دەسەڵاتداری رێژیمی سەدام حوسێن بدەینەوە، ئێران و پێشمەرگەی ھەرێمی كوردستان لە یەك سەنگەردا دژی سەدام حوسین شەڕمانكردووە، ئیستاش ھەر دوو لامان بە دژی تیرۆریزم لە سەنگەرێكداین".

موحسین باوەفا ئەوەشی خستەڕوو: "ئەمە بۆ یەكەمجارە دوای 37 ساڵ لە تەمەنی كۆماری ئیسلامیی ئێران ھەر دوو ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی لە ئێران پێكەوە بەرێوەبچن، ئێران بە قۆناخی زۆر دژواردا تێپەرێوە، بەڵام ئەم قۆناغەی ئێستا جیاوازە و قۆناغی دوای رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1ە".

سەبارەت بە رێكەوتنی ناووكی ئێران لەگەڵ وڵاتانی 5+1، موحسین باوەفا پێیوایە، ئێران توانیویەتی مافی خۆی بە جیھان بسەلمێنێت و تیشكی خستە سەر ھەڵبژاردن لە ئێران و گوتی: "لە ئێران ئا ئێستا 34 ھەڵبژاردن كراوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورا  و شورای شار و ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی و لە ھەمووشیاندا رێژەی بەشداریكردنی خەڵك لەسەرووی 60% بووە".

سەبارەت بە ژمارەی زۆری كاندیدە رەتكراوەكان لە لایەن ئەنجوومەنی شورای نیگەھبانەوە، یاریدەدەری سەركونسولی ئێران گوتی: "لە ئێران یاسا سەروەرە، ئێمە یاسای تایبەت بە ھەڵبژاردنمان ھەیە، ئەو كەسانەی خۆیان بۆ بەشداریكردن لە ھەڵبژاردندا كاندید دەكەن پێویستە پێوەرەكانی خۆ كاندید كردن لەبەرچاو بگرن".

باوەفا گوتیشی: "لە ئێران ئازادی تەواو ھەیە، نەك ریفۆرمخوازان و پاریزگاران زیاتر لە 30 گروپ و لایەنی جیاواز لە ھەڵبژاردندا بەشدارییانكردووە و كاندیدی خۆیان ھەیە، واتا ھەموو گەلانی ئێران بە كورد و بەلووچیشەوە  دەتوانن بە پێی ئەو پێوەرانەی یاسای كۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریكردووە  و لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی شورای نیگەھباندا بەشداری لە ھەڵبژاردندا بكەن و نوێنەری خۆیان ھەبێت".

ئامادەكردن: لەیلا قادریی