"پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ئێران په‌يامێكى سیاسیيە نەك بەشداریی سیاسیی"

ھێرش قادریی: ئەگەر رەواییەتی ئایدولۆژیی كۆماری ئیسلامیی لەروانگەی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستانەوە كەم بێت، رەواییەتی ئابووریی ھەیە.

K24 – ھەولێر:

چاودێرانی سیاسیی سەبارەت بە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن لە ئێران رای جیاوازییان ھەیە، بەشێك پێیانوایە، بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن ھیچ لە چارەنووسی خەڵكی رۆژهه‌ڵاتى كوردستان ناگۆڕێت، بەشێكێش لەسەر ئەو بڕوایەن بەشداریكردن كاریگەری لەسەر چارەنووسی رۆژھەڵاتی كوردستان دەبێت.

ھەڵبژاردنی دەیەمین خوولی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی و پێنجەمین خوولی ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەری لە ئێران سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دەستیپێكرد.

بەرپرسانی ئێران پێشبینیانكردووە، نزیكەی 70%ی خەڵكی ئێران لەو ھەڵبژاردنەدا بەشداری دەكەن.

لەبارەی كاریگەری ھەڵبژاردن ئێران لەسەر بارودۆخی رۆژھەڵاتی كوردستان و بەشداریكردنی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان لەو ھەڵبژاردنانەدا بۆچوونی جیاواز ھەیە.

ھەژار رەحیمی مامۆستای زانكۆ ھەڵبژاردن لە ئێران بە دیموكراتیك نازانێت و پێیوایە ھەڵبژاردنی دیموكراتیك لە كۆمەڵگه‌ی دیموكراتیكدا دەخوڵقێت.

رەحیمی لەوبارەیەوە تایبەت بە كوردستان 24 گوتی: "كۆی سیستمی ئێران نادیموكراتیكە، لە ئێران كۆی پرۆسەی ئامادەكاری بۆ ھەڵبژاردن وناسنامەی دەسەڵاتی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە دەردەخەن كە ئەم ھەڵبژاردنە بێگەرد نییە".

ھەژار رەحیمی گوتی: "ھەڵبژاردن لە ئێران ھەرگیز گۆڕانكاری جدی پێكناھێنێت، ئەو ھەڵبژاردنە تەنیا روواڵەتییە و ھەڵبژاردنێك نییە لە پێناو گۆڕین و ھێنانە ئارای بارودۆخێكی دیكە بۆ خەڵكی ئێران بە گشتی و كورد لەو وڵاتە بەتایبەتی".

ھەر سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لە ئێران مامۆستای زانكۆ ھێرش قادریی لەگەڵ رەحیمی ھاوڕایە و بۆ كوردستان 24 گوتی: "ھەڵبژاردن لە ئێران په‌يامێكى سیاسییە، نەك بەشداری سیاسیی، چونكە ھەڵبژاردن لە ئێران ئاراستەكراوە و كۆمەڵگه‌ی ئێرانی بەسەر دوو باڵی پارێزگاران و ریفۆرمخوازان دابەشكردووە، واتا ھەڵبژاردن لە ئێران شەڕی دەسەڵاتی دوو باڵی سیاسییە".

ھێرش قادریی گوتی: "كاتێك دامەزرێنەری كۆماری ئیسلامیی ئێران، رووحوڵڵا خومەینی لە سەرەتای دامەزراندنی كۆماریی ئیسلامیی ئێران پاڵپشتی لە مووسەوی بەرەی چەپ كرد، دوای ئەو عەلی خامەنەئی بە پێچەوانەوە لایەنگری لە باڵی راستی ئێران كرد و دەسەڵاتێكی زۆری بە شورای نیگەھبان دا".

مامۆستای زانكۆ ھێرش قادریی نەیشاردەوە، كە رێژەی بەشداریكردنی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەندێكجار لە خەڵكی تارانیش زیاترە لەو بارەیەوە گوتی: "ئەگەر رەواییەتی ئایدولۆژیی كۆماری ئیسلامیی لە روانگەی خەڵكی رۆژھەڵاتی كوردستانەوە كەم بێت، بەڵام رەواییەتی ئابووریی ھەیە، ئەو دەسەڵاتە خەڵكی چاودەستی خۆیكردووە، بۆ نموونە ئەگەر دەنگ نەدەن لەسەر كار لادەدرێن".

بەڵام دكتۆر سەعید شەمس مامۆستای زانكۆ پێیوایە بەشداریكردن لە ھەڵبژاردن باشتر لە بەشدارینەكردن بەڵگەشی بۆ گوتەكەی ئەمەیە، لە زانستی سیاسییدا بەشداریكردن یان بەشدارینەكردنی رەھا لە ھەڵبژاردندا بوونی نییە. بە رای ئەو مامۆستایەی زانكۆ حزبە سیاسییەكانی رۆژھەڵاتی كوردستان ھەمیشە ھەوڵیانداوە پرسی كورد لە چوارچێوەی ئێراندا چارەسەر بكەن.

سەعید شەمس گوتی: "لەبەر ئەوەی ئەمجارەیان ھاوكات دوو ھەڵبژاردن لە ئێران بەڕێوەدەچێت و بۆ یەكەمجارە دوای 37 ساڵ لە دامەزراندنی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجوومەنی شارەزایانی رێبەریی بەسەر دوو جەمسەردا دابەش بووە و ململانێیەكی زۆر ئێستا لە نێوان ئەم دوو جەمسەرەدا دەبینرێت".

بە رای شەمس ئەم خوولەی ئەنجوومەنی شارەزایان رێبەریی داھاتووی ئێران دیاریدەكەن، بۆیە ئەو ھەڵبژاردنە گرنگی و تایبەتمەندی خۆی ھەیە.

بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئێران 54 ملیۆن  و 915 كەس مافی دەنگدانیان ھەیە و لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شورای كۆماری ئیسلامیی ئێران 4 ھەزار و 844  كاندید ركابەری بۆ 290  كورسی ئەو ئەنجوومەنە دەكەن.

داڕشتنەوە: لەیلا قادریی.