"په‌كه‌كه گوێ له ئۆجه‌لان ناگرێت"
به‌رپرسێكى باڵا له كۆشكى سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى توركيا رايگه‌ياند، په‌كه‌كه به گوێى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ناكات.

K24 – هه‌ولێر:
به‌رپرسێكى باڵا له كۆشكى سه‌رۆكايه‌تى كۆمارى توركيا رايگه‌ياند، په‌كه‌كه به گوێى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ناكات.
له لێدوانێكدا بۆ ژماره‌يه‌ك له رۆژنامه‌وانانى بيانى، ئيبراهيم كالين راوێژكارى سه‌رۆك كۆمارى توركيا، رايگه‌ياند، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان كۆنترۆڵى فه‌رمانده سه‌ربازييه‌كانى پارتى كرێكارانى كوردستان (په‌كه‌كه)ى له‌ده‌ستداوه كه له ئێستادا له ناوچه‌ى قه‌نديلن.
دواى دوو ساڵ و نيو له ئاگربه‌ستى يه‌كلايه‌نه‌ى پارتى كرێكارانى كوردستان كه له‌سه‌ر داواى ئۆجه‌لان راگه‌يه‌ندرابوو، له ته‌مموزى رابردوودا دواى ئه‌نجامدانى ئۆپراسيۆنه‌كانى سوپاى توركيا په‌كه‌كه كۆتايى به بڕيارى ئاگربه‌ستهێنا.
تا واده‌ى كۆتايهاتنى ئاگربه‌ست، په‌رله‌مانتارانى پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى، به شێوه‌يه‌كى رێكخراو سه‌ردانى دوورگه‌ى ئيمراڵييان ده‌كرد بۆ بينينى ئۆجه‌لان و به نامه و په‌يامى ناوبراوه‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه و په‌يامه‌كانيان ده‌گه‌يانده پارتى كرێكارانى كوردستان.
كالين گوتيشى: دواين جار ئۆجه‌لان داوايكرد، په‌كه‌كه چه‌ك دا‌نێت، به‌ڵام به گوێيان نه‌كرد.
هه‌روه‌ها وتى: ئه‌ردۆغان زۆر خاترى په‌رله‌مانتارانى پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى گرت و ئاسانكارى كرد بۆ ديدارى ئۆجه‌لان. ئه‌وه‌ش له پێناو ئاشتييدا كرا، ئومێدمان هه‌بوو په‌كه‌كه گوێ له ئۆجه‌لان بگرێت، به‌ڵام ئه‌وان به گوێيان نه‌كرد.
ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه كرد، فه‌رمانده سه‌ربازييه‌كانى په‌كه‌كه له قه‌نديل نايانه‌وێت چه‌ك دابنێن و شه‌رى سووريا به ده‌رفه‌ت ده‌زانن و ئه‌وان په‌يوه‌ندييه‌كى به‌هێزيان هه‌يه له‌گه‌ڵ ئه‌و هێزه كوردييه‌ى له سووريا هه‌يه.
سه‌باره‌ت به پرۆسه‌ى ئاشتيى گوتى: له ئێستادا پرۆسه‌كه مت بووه و به‌وه‌ش كارا ده‌بێته‌وه، په‌كه‌كه بڕيارى راگرتنى هێرشه‌كانى بدات و له شاره‌كان بكشێته‌وه و نيازى خۆى بۆ دانانى چه‌ك رابگه‌يه‌نێت.
له باره‌ى پرۆسه سه‌ربازييه‌كانى سوپاى توركياوه بۆ سه‌ر شار و ناوچه مه‌ده‌نييه‌كانى باكوورى كوردستان، ئه‌و راوێژكاره‌ى سه‌رۆك كۆمار گوتى: تا ئه‌و كاته‌ى په‌كه‌كه هه‌ڕه‌شه بێت بۆ سه‌ر ئاسايشى توركيا ئه‌وان به‌رده‌وامى به له‌شكركێشييه‌كانيان ده‌ده‌ن.
پارتى كرێكارانيى كوردستان (PKK)، له 1979 له لايه‌ن ژماره‌يه‌ك گه‌نجى كورده‌وه به سه‌رۆكايه‌تى عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، دامه‌زراوه و له 15ى ئاب/ته‌باخى 1984 شۆڕشى چه‌كدارى دژ به سوپاى توركيا راگه‌ياندووه.
له سه‌ره‌تاى ده‌ست پێ كردنى شه‌ڕه‌وه تا ئێستا زياتر له 35 هه‌زار كه‌س له هه‌ردوولا كوژراوون.
له 15ى شوباتى 1999 رێبه‌رى ئه‌و پارته، عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، له پرۆسه‌يه‌كى هه‌واڵگرييانه‌دا، له كينيا ده‌ستگيركرا و به فڕۆكه‌يه‌كى تايبه‌تى توركيا له لايه‌ن رفێنه‌ره‌كانييه‌وه گواسترايه‌وه بۆ ئه‌نقه‌ره.
له سه‌ره‌تاى ده‌ستگيركردنييدا، حكومه‌تى توركيا ئۆجه‌لانى راده‌ستى دادگا كرد و له لايه‌ن دادگاى ئه‌و وڵاته‌وه به سزاى له سێداره‌دان مه‌حكوم كرا.
يه‌كێتى ئه‌وروپا و رێكخراوه مرۆيى و دادوه‌رييه‌كانى جيهان دادگاى توركيايان ناچار كرد، هه‌موارى سزاى له‌سێداره‌دانه‌كه بكات و سزاكه‌ى بۆ زيندانى هه‌تا هه‌تايى بگۆڕێت.
سه‌رچاوه: فرانس پرێس
و: ئ.هـ