رووسیا وادەی پێدانی سیستمێکی پێشکەوتووی مووشەکی بە ئێران دواخست

رووسیا: بە ھۆكاری دارایی گواستنەوەی مووشەكەكان بۆ ئێران راگیراون

https://k24mediaservice.streaming.mediaservices.windows.net/d66de61d-df2a-4644-b2b5-71010948090b/S%20300.ism/manifest

K24 – ھەولێر:

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند بەھۆی پابەند نەبوونی ئێران بە بەڵێنی دارایی، ناردنی كاروانی مووشەكی ئێس 300  بۆ ئەو وڵاتە راگیراوە.

گرێبەستی مووشەكی ئێس 300 چەندین ساڵە لە نێوان ئێران و رووسیا واژۆ كراوە، تا ھەفتەی رابردوو ھەواڵەكان لەسەر گەیشتنی ئەو مووشەكانە بۆ ئێران گەرم بوون.

وەزیری بەرگریی ئێران، حوسێن دێھقان كە بە مەبەستی كڕینی لیستێك لە چەك و كەرەستەی سەربازیی سەردانی مۆسكۆی كردبوو بە دەستی بەتاڵ گەڕاوتەوە بۆ تاران.

ھەرچەندە ئێران لە كاتی سەردانی حوسێن دێھقان رایگەیاند: "بڕیارە بە رێگەی دەریای قەزوینەوە مووشەكەكان بگەنە تاران"، بەڵام جارێكی دیكە گواستنەوەی ئەو مووشەكانە بۆ تاران راگیران.

لە راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا ھاتووە: "بەھۆكاری دارایی گواستنەوەی مووشەكەكان بۆ ئێران راگیراون".

ھاوكات ئاژانسی تاسی رووسیا بلاویكردەوە: "چوار كاروانی مووشەكی بەرگریی ئێس 300 بە بەهای یەك ملیار دۆلار كە بڕیار بوو لە لایەن رووسیاوە رادەستی ئێران بكرێت، راگیراوە".

مۆسكۆ دەڵێت: "بەھۆی پابەند نەبوونی ئێران بە بەڵێنە داراییەكانی مووشەكەكانمان رادەستی ئەو وڵاتە نەكردووە".

سەرەڕای ناڕەزایەتی بەرپرسانی ئەمریكا و ئیسرائیل، بەڵام بەرپرسانی ئێران لە سەر كڕینی ئەو مووشەكانە چەندینجار لەگەڵ سەرۆكی رووسیا، ڤلادیمێر پوتین كۆبوونەتەوە.

لە 2007ەوە تا كاتی رێككەوتنی ناووكی ئێران و وڵاتانی 5+1 لە ساڵی 2015 گرێبەستی كڕین و فرۆشتنی ئەو مووشەكانە لە نێوان ئەو دوو وڵاتەدا بە ھەڵپەسێردراوی مابووەوە، بەڵام جێبەجێنەكردنی ئەو رێككەوتنە گومانی خستووەتە سەر گرێبەستە سەربازییەكانی دیكەش لەگەڵ ئێران.

ئا: تروسكە سادقیی

Fly Erbil Advertisment