دەوڵەتی كوردیی 100 ساڵە دواكەوتووە
حەسەن عەلەوی
K24 - ھەولێر:
حەسەن عەلەوی، بیرمەند و روناكبیر و سیاسەتمەداری عێراق لە میانەی ھەڤپەیڤینێكیدا لەگەڵ (كوردستان24) رایگەیاند دەوڵەتی كوردیی 100 ساڵە دواكەوتووە.
حەسەن عەلەوی لە بارەی ئەوەی كە دەگوترێ یەکێکە لە دامەزرێنەرانی حزبی بەعس دەڵێ: "مرۆڤایەتی من گەورە نابێت ئەگەر رۆڵەی نەتەوەكەمم خۆشبوێت، بەوە گەورە دەبێت كە رۆڵەی نەتەوەكانی دیكەم خۆش بوێت، كوردەكان گەر وەك نەتەوە لێیان نزیك بیت دەزانی گەلێكی ئاشتی خواز و راستگۆن، كێشەكەیان رەوایە، لە ساڵی 1961وە تا ئێستا كە تێكەڵی مێژووی كورد بووم چەندە لە مێژووی كورد قوڵ دەبمەوە دەبینم كورد ساڵانێكی زۆرە، لە دروستكردنی دەوڵەتی خۆیان دواكەوتوون، تەنانەت لە پەرتووكە نوێیەكەم بە ناوی "دەوڵەتی كوردیی دواڕۆژەكانی بێدەنگیی" كە ھێشتا دەستنووسە چونكە من پێم وایە ئێستا ھەرێمی كوردستان دەوڵەتێكی بێدەنگە، بەڵام من دووبارە ناونیشانی پەرتووكەكەم گۆڕی بۆ "دەوڵەتی كوردیی 100 ساڵ چاوەڕوانیی" ئەگەر دەوڵەتی كوردیی ئەمڕۆ دروستبكرێت ھێشتا 100 ساڵە دواكەوتووە، ئەگەر راستییەكەشی بڵێین دەوڵەتی كوردیی 500 ساڵ دواكەوتووە، واتا لە چاڵدێرانەوە ساڵی 1514 واتا 500 ساڵ لە خەباتی كورد".
داڕشتنەوە: ش، م