حزبوڵڵا خرایه لیستی تیرۆری وڵاتانی عه‌ره‌بی
سعوودیه به‌رده‌وامه له لێدان له به‌رژه‌وه‌ندی ئێران
K24 - هه‌ولێر:
وه‌زیرانی ناوخۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی بڕیاریاندا، حزبوڵڵای لوبنانی بخه‌نه لیستی رێكخراوه تیرۆریستییه‌كان.
له راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی كۆبوونه‌وه‌ی وه‌زیرانی ناوخۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی له تونس هاتووه: "به توندی كاره تیرۆریستییه‌كانی حزبوڵڵا ئیدانه ده‌كه‌ین و ئه‌و رێكخراوه بووه‌ته هۆكاری تێكدانی سه‌قامگیری ناوچه‌كه و وڵاتانی عه‌ره‌بی".
به‌هۆی ئه‌و بڕگه‌یه راگه‌یه‌ندراوی كۆتایی، محه‌مه‌د سالم غه‌بان، وه‌زیری ناوخۆی عێراق، ناڕه‌زایی خۆی ده‌ربڕی و هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كه جێهێشت.
غه‌بان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه به‌وه ده‌كات، له ئێستادا هه‌ر جیاوازییه‌ك له‌نێوان وڵاتانی عه‌ره‌بی، ده‌بێته هۆی "ته‌قینه‌وه‌ی ره‌وشه‌كه" و گوتی: "ئێمه ناڕه‌زایی خۆمان له‌و باره‌یه‌وه ده‌ربڕیوه و داوامان كردووه حزبوڵڵا نه‌خرێته لیستی تیرۆره‌وه".
حه‌سه‌ن نه‌سروڵڵا، سكرتێری حزبوڵڵای لوبنان، له یه‌كه‌م كاردانه‌وه‌یدا، عه‌ره‌بستانی سعوودیه‌ی به هه‌وڵدان به نانه‌وه‌ی ئاژاوه له ناوچه‌كه تۆمه‌تبار كرد و گوتی: "سعوودیه ده‌یه‌وێت ئاژاوه بخاته نێوان سووننه و شیعه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست".
هه‌روه‌ها گوتیشی: "سعوودیه سه‌رپه‌رشتیاری ئاماده‌كردنی ئۆتۆمبێله بۆمبڕێژكراوه‌كان ده‌كات كه بۆ ته‌قاندنه‌وه ره‌وانه‌ی لوبنان ده‌كرێن".
33ه‌هه‌مین كۆنگره‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی ناوخۆی وڵاتانی عه‌ره‌بی له تونس به‌سترا، كه محه‌مه‌د بن عه‌لی كومان، به ره‌گه‌ز سعوودی، سكرتێری گشتی ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌یه.