وەزارەتی دارایی عێراق: کورتهێنانی بودجە 30 ترلیۆن دیناری تێپەڕاند
بەپێی نوێترین داتاکانی وەزارەتی دارایی عێراق، لە هەشت مانگی یەکەمی ساڵی 2026دا، قەبارەی کورتهێنانی بودجە گەیشتووەتە زیاتر لە 30 ترلیۆن دینار، لە کاتێکدا هێشتا داهاتی نەوتی زیاتر لە سێ لەسەر چواری کۆی گشتیی سەرچاوەکانی دەوڵەت پێکدەهێنێت.
بەپێی ئەو داتایانەی بڵاوکراونەتەوە، تایبەتن بە ئامارەکانی جێبەجێکردنی بودجەی فیدراڵی تاوەکو کۆتایی مانگی ئابی 2026، کۆی گشتیی داهاتەکانی عێراق گەیشتووەتە 45.355 تریلیۆن دینار. لەم بڕەشدا، داهاتی نەوت پشکی شێری بەرکەوتووە کە نزیکەی 34.726 تریلیۆن دینار بووە (بەرێژەی 77%)، لە بەرامبەردا داهاتی نانەوتی تەنیا 10.629 ترلیۆن دیناری پێکهێناوە، کە دەکاتە نزیکەی 23%ـی کۆی داهاتەکان.
داتاکان ئاشکرایان کردووە کە لە بەرامبەر ئەو داهاتەدا، کۆی گشتیی خەرجییەکانی دەوڵەت گەیشتووەتە 75.787 ترلیۆن دینار، ئەمەش بەو واتایە دێت کە بۆشاییەکی گەورە و کورتهێنانێکی مەترسیدار لە نێوان داهات و خەرجییەکاندا دروستبووە کە قەبارەکەی دەگاتە 30.432 تریلیۆن دینار.
وردەکاریی خەرجییەکانی دەوڵەت بەم شێوەیە بووە.
مووچەی فەرمانبەران: لە پێشەنگی خەرجییە بەردەوامەکاندایە بە بڕی 40.994 ترلیۆن دینار.
چاودێریی کۆمەڵایەتی: 18.443 ترلیۆن دینار خەرج کراوە.
مینحە و هاوکاری و سوودەکان: 6.011 ترلیۆن دینار خەرج کراوە.
دانەوەی قەرزەکان: بۆ خزمەتگوزاریی قەرزەکان تاوەکو کۆتایی مانگی ئاب نزیکەی 7.561 ترلیۆن دینار تەرخانکراوە.
پێداویستییە کاڵایی و خزمەتگوزارییەکان: 2.454 ترلیۆن دینار بۆ پێداویستییە کاڵاییەکان و 156 ملیار دینار بۆ پێداویستییە خزمەتگوزارییەکان و 48.5 ملیار دیناریش بۆ چاککردنەوەی سەرمایە (موجودات) تەرخانکراوە.
خەرجییە سەرمایەییەکان (پڕۆژەکان): لە نزمترین ئاستدا بووە کە تەنها 30.1 ملیار دینار بووە.
بەم شێوەیەش، داتاکانی جێبەجێکردنی بودجە ئاماژەیەکی روونن بۆ بەردەوامیی فراوانبوونی کەلێنی نێوان داهات و خەرجییەکانی دەوڵەت، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامیی پشتبەستنی تەواوەتیی دارایی گشتی عێراق بە داهاتە نەوتییەکان.