ھارۆڵد رۆد: دەرچوونی ترەمپ لە بەرژەوەندی کوردە
"لە ماوەی حەوت ساڵ و نیوی رابردوودا ئەمریکا سەرۆکایەتییەکی لاوازی ھەبووە، بەتایبەتیی بەرامبەر بە کێشەی کورد".
K24 - ھەولێر:
ھارۆڵد رۆد، لێكۆڵەری تایبەتی پێنتاگۆن رایگەیاند، ترەمپ زۆر گرنگی بە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەدات کوردیش ھاوپەیمانێکی گرنگی ئەمریکایە.
ھارۆڵد رۆد، لە میانەی بەشداری لە ھەواڵەکانی (کوردستان٢٤) لە واشنتن رایگەیاند: " دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ کاندیدی کۆمارییەکان لە بەرژەوەندی کوردە، چونکە ترەمپ زۆر گرنگی بە ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا دەکات، کوردیش باشترین ھاوپەیمان ئەمریکایە لە رۆژھەڵاتی ناوەراست".
لەبارەی سیاسەتی دیموکراتەکان و ئیدارەی ئۆباما ھارۆڵد رۆد، رایگەیاند: "لەماوەی حەوت ساڵ و نیوی رابردوودا ئەمریکا سەرۆکایەتیەکی لاوازی ھەبووە، بەتایبەتی بەرامبەر بە کێشەی کورد".
ھارۆڵ رۆد گوتیشی:" ھیوادارم سەرۆکی داھاتووی ئەمریکا پشتگیری لە راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان بکات".
تا ئێستا ململانێیەكی سەخت ھەیە لە نێوان كاندیدانی پارتی كۆماریی و دیموكراتەكان، چاودێران پێیانوایە ئەگەر ترەمپ لە ھەڵبژاردنەکانی ١٥ی ئەم مانگە سەرکەوتوو بێت، ئەو کات دهكرێت بگوترێت، تارادەیەك بەربەستەکانی بڕیوە و ئومێدی ئەوە ھەیە ببێتە تاکە کاندیدی کۆمارییەکان بۆ گەیشتن بە کۆشکی سپی.
داڕشتنەوە: ش، م