ده‌ميرتاش: ره‌وشى باكوورى كوردستان ئاڵۆزتر ده‌بێت

سەڵاحەددین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى (ھەدەپە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ھۆشداریدا

K24 – هه‌ولێر:

سەڵاحەددین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى (ھەدەپە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ھۆشداریدا کە   دوورنیە بارودۆخی باکووری کوردستان  لە چەند مانگی داھاتوودا خراپتر بێت و شەڕ و پێكدادانەكانیش زیاتر بن.

دەمیرتاش لەو چاوپێکەوتنەدا ئاشکرایکرد، ئەوان داوایان لە پەکەکە کردووە کە چەکەكانیان دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆكردن.

دەمیرتاش داواى لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی زلھێز كرد، ببنە ناوبژیوان و فشار بخەنە سەر تورکیا و کورد بۆ ئەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی دەستپێبکەنەوە.

رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە کە ئەمریکا لەچەند رێگەیەکەوە ھەوڵیداوە بارودۆخی باکووری کوردستان  ھێمن بكەنەوە و گفتوگۆكانی ئاشتییش دەستپێبكرێنەوە.

پێشتريش، لە شاری ئامەد لە باكووری كوردستان ده‌ميرتاش رایگەیاند، گەلەكەمان لە بەرامبەر زوڵمی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە) سەردانانوێنێ.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی رەوشی ئاڵۆزی ئامەد و خۆپێشاندانی شاری ئامەد لە باكووری كوردستان سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوتى: "لە بەرامبەر خۆپێشاندانی گەلی كورد لە ئامەد پۆلیس پیلانی (ئەكەپە)ی جێبەجێكرد، بەڵام  گەلی ئێمە لە بەرامبەر گاز و داری ئەوان نەترسان و سەری خۆیان دانەنواندن".

دەمیرتاش، سوپاسی گەنج و ژنانی ئامەدی كرد بۆ بەشدارییان لە خۆپێشاندانی ئامەد دژ بە قەدەغەی ھاتووچۆ لە ناوچەی سوور و گوتی: "سوپاسی گەنج و ژنان دەكەم بە شێوەیەكی باش و بە بڕیارێكی بەھێز بەشداریان كرد و بە (ئەكەپە)یان گوت، بوەستن، ھیوادارم حكوومەت ئەو پەیامە بە باشی بخوێنێتەوە".

گوتیشی: "گەلی ئێمە بە ھیچ شێوەیەك لە بەرامبەر زوڵمی ئەكەپە سەردنانوێن و ھەڵوێستی ئەوان دەخاتە تەنگەی زڵالەوە، ھەموو رۆژ دەبێ خەڵك گەڕەكەكانی ئامەد و دەوربەری لە شەقامەكان ناڕەزایەتییەكانی دیموكراسی دەربڕن".

دەمیرتاش، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "تاوانی مرۆڤایەتییە لێرە ئەنجامدەدرێت لە ھەر گەڕەكێك خەندەكێك لێ بدرێت یان دیوارێك دروست بكرێت، ئەوان بێن بیكەن بە ئامانجی تانك و تۆپەكانیان ئەوانە تاوانی شەڕن، بەپێی پەیمانی جنێف و رۆمابێت ئەكەپە 25 ماددەی پێشێلكردووە".