دهميرتاش: رهوشى باكوورى كوردستان ئاڵۆزتر دهبێت
سەڵاحەددین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پارتى كۆمهڵگهى ديموكراتى (ھەدەپە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ھۆشداریدا
K24 – ههولێر:
سەڵاحەددین دەمیرتاش، ھاوسەرۆکی پارتى كۆمهڵگهى ديموكراتى (ھەدەپە)، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی ھۆشداریدا کە دوورنیە بارودۆخی باکووری کوردستان لە چەند مانگی داھاتوودا خراپتر بێت و شەڕ و پێكدادانەكانیش زیاتر بن.
دەمیرتاش لەو چاوپێکەوتنەدا ئاشکرایکرد، ئەوان داوایان لە پەکەکە کردووە کە چەکەكانیان دابنێن و بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆكردن.
دەمیرتاش داواى لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەی زلھێز كرد، ببنە ناوبژیوان و فشار بخەنە سەر تورکیا و کورد بۆ ئەوەی گفتوگۆكانی ئاشتی دەستپێبکەنەوە.
رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری چەند بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاوە ئاشکرایکردووە کە ئەمریکا لەچەند رێگەیەکەوە ھەوڵیداوە بارودۆخی باکووری کوردستان ھێمن بكەنەوە و گفتوگۆكانی ئاشتییش دەستپێبكرێنەوە.
پێشتريش، لە شاری ئامەد لە باكووری كوردستان دهميرتاش رایگەیاند، گەلەكەمان لە بەرامبەر زوڵمی پارتی داد و گەشەپێدان (ئەكەپە) سەردانانوێنێ.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی رەوشی ئاڵۆزی ئامەد و خۆپێشاندانی شاری ئامەد لە باكووری كوردستان سەڵاحەدین دەمیرتاش، گوتى: "لە بەرامبەر خۆپێشاندانی گەلی كورد لە ئامەد پۆلیس پیلانی (ئەكەپە)ی جێبەجێكرد، بەڵام گەلی ئێمە لە بەرامبەر گاز و داری ئەوان نەترسان و سەری خۆیان دانەنواندن".
دەمیرتاش، سوپاسی گەنج و ژنانی ئامەدی كرد بۆ بەشدارییان لە خۆپێشاندانی ئامەد دژ بە قەدەغەی ھاتووچۆ لە ناوچەی سوور و گوتی: "سوپاسی گەنج و ژنان دەكەم بە شێوەیەكی باش و بە بڕیارێكی بەھێز بەشداریان كرد و بە (ئەكەپە)یان گوت، بوەستن، ھیوادارم حكوومەت ئەو پەیامە بە باشی بخوێنێتەوە".
گوتیشی: "گەلی ئێمە بە ھیچ شێوەیەك لە بەرامبەر زوڵمی ئەكەپە سەردنانوێن و ھەڵوێستی ئەوان دەخاتە تەنگەی زڵالەوە، ھەموو رۆژ دەبێ خەڵك گەڕەكەكانی ئامەد و دەوربەری لە شەقامەكان ناڕەزایەتییەكانی دیموكراسی دەربڕن".
دەمیرتاش، ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: "تاوانی مرۆڤایەتییە لێرە ئەنجامدەدرێت لە ھەر گەڕەكێك خەندەكێك لێ بدرێت یان دیوارێك دروست بكرێت، ئەوان بێن بیكەن بە ئامانجی تانك و تۆپەكانیان ئەوانە تاوانی شەڕن، بەپێی پەیمانی جنێف و رۆمابێت ئەكەپە 25 ماددەی پێشێلكردووە".