بەیل بەرامبەر سێلتاڤیگۆ ئامادە دەبێت

لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە

K24- مەدرید

زینەدین زیدان، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی رایگەیاند، گاریس بەیل تەواو لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە و بۆ یارییەکەی سبەی لە بەرامبەر سێلتاڤیگۆ ئامادە دەبێت.

زیدان لە پرێس کۆنفرانسی هەفتانەی خۆیدا، لەبارەی پێکانەکەی بەیل رایگەیاند 'بەیل بۆ یارییەکەی سبەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ ئامادەیە و بانگهێشتی یارییەکە کراوە، ئەو بە تەواوەتی لە پێکانەکەی چاکبووەتەوە، کە زیاتر لە دوو مانگە لە یاریکردن دابڕاوە'.

هەروەها زیزۆ لەبارەی پێکانی یاریزانەکانی دیکەی یانەکەی رایگەیاند 'مۆدریچ بەشداریی یارییەکە ناکات و ناوی لە پێکهاتەکە نییە، بەڵام مارسیلۆ لە لیستی یاریزانەکانی یارییەکەدایە'.

سبەی شەممە لە گەڕی بیست و هەشتەمی لالیگادا، ریال مەدرید میوانداریی سێلتاڤیگۆ دەکات.