کەسێک بە تۆمەتی گەندەڵی و سپیکردنەوەی پارە لە نەینەوا دەستگیر کرا
دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، دوو ئۆپەراسیۆنیان لە پارێزگای نەینەوا کردووە، لە ئۆپەراسیۆنی یەکەمدا تۆمەتبارێک بەهۆی گەندەڵی و زیادبوونی نائاسایی سامانەکەیەوە دەستگیر کراوە.
ئەمرۆ دووشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، تیمێکی بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی نەینەوا پاش بەدواداچوون و وردبینی، تۆمەتبارەکەیان دەستگیر کرد، لە پشکنینی دوو خانووی سەر بەو تۆمەتبارەدا، ژمارەیەک حەواڵەی دارایی بە بڕی زۆر و گرێبەستی کڕینی چەند موڵکێکی بازرگانی بە نرخێکی بەرز دۆزرانەوە و وەک بەڵگەی دۆسیەکە تۆمار کران.
ئاماژەی بەوەش دا، لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا، تیمەکە دەستیان بەسەر سێ ئۆتۆمبێلی گرانبەهادا گرت، کە یەکێکیان زرێپۆشە، ئۆتۆمبێلەکان سەر بە تۆمەتبارێکی دیکەن کە پێشتر دەستگیر کراوە و خۆی بە ئەندامی یەکێک لە دەزگا ئەمنییەکان ناساندووە.
دەستەکە دوو پەڕاوی دەستبەسەرداگرتنی بۆ هەردوو ئۆپەراسیۆنەکە رێکخست و تۆمەتباران و کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوەکانیان رەوانەی بەردەم دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوا بۆ کەیسی دەستپاکی کرد.
دادوەر بڕیاریدا تۆمەتباری یەکەم بەپێی ماددەی (19/سێیەم) لە یاسای دەستەی دەستپاکی فیدراڵی و قازانجی نایاسایی ژمارە (30)ی ساڵی 2011ـی هەموارکراو دەستبەسەر بکرێت، هەروەها بڕیاریدا رێکارەکانی لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباری دووەم بەپێی ماددەی (36) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و دژە تیرۆر ژمارە (39)ی ساڵی 2015 تەواو بکرێت.