ئه‌ڵمانیا به گه‌نده‌ڵیكردن له میوانداریكردنی مۆندیالی 2006 تێوه‌گلاوه
گومانی كڕینی ده‌نگی ئه‌ندامانی لێ ده‌كرێت
k24 ـ هه‌ولێر
لێژنه‌ی لێكۆڵێنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵێكردن له به‌ده‌ستهێنانی مافی میوانداریكردنی مۆندیالی 2006، ره‌تی ناكاته‌وه كه ئه‌ڵمانیا ده‌نگی لێژنه‌ی جێبه‌جێكاری فیفای نه‌كڕێ بێت.
پارێزه‌رانی نووسینگه‌ی فریشفێڵدزی كه له لایه‌ن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئه‌ڵمانیاوه راسپێردراوه بۆ لێكۆڵێنه‌وه له كه‌یسی به‌رتیلدان بۆ میوانداریكردنی مۆندیالی 2006 كه له ئه‌ڵمانیا به‌رێوه چوو، رایانگه‌یاند كه هه‌ستیان به گۆڕانكاری له هه‌ڵسوكه‌وتی ئه‌ندامانی به‌شێك له فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئاسیا كردووه و گومانی كڕینی ده‌نگه‌كانیان ده‌كرێت.
گۆڤاری شپیگڵی ئه‌ڵمانی پێشتر له راپۆرتێكیدا رایگه‌یاند بوو كه 10.3 ملیۆن فره‌نكی سویسری به 4 ئه‌ندامی ئاسیایی لێژنه‌ی جێبه‌جێكاری فیفا دراوه بۆ ئه‌وه‌ی ده‌نگ به ئه‌ڵمانیا بده‌ن تا میوانداریی مۆندیالی 2006 بكات.
وته‌بیژی نووسینگه‌ی فرێشفێڵدز له‌و پرێس كۆنفرانسه‌ی بۆ لێژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه له كه‌یسه‌كه ئه‌نجام درابوو رایگه‌یاند كه ئه‌وان هیچ به‌ڵگه‌یه‌كیان له‌به‌رده‌ستدا نییه كه كڕینی ده‌نگه‌كان پشتڕاست بكاته‌وه، به‌ڵام ناشتوانن ئه‌و گومانه بڕه‌ونه‌وه كه ئه‌ڵمانیا ده‌نگی نه‌كڕیوه.
ئه‌ڵمانیا میوانداریی مۆندیالی 2006ـی كرد، كه ئه‌وكات فرانز بێكنباوه‌ر سه‌رپه‌رشتیاری لێژنه‌ی میوانداریكردنی مۆندیاله‌كه بوو، ئیتاڵیا له یاریی كۆتاییدا به لێدانی یه‌كلاكه‌ره‌وه له فره‌نسای برده‌وه و ئه‌ڵمانیا پله‌ی سێیه‌می به‌ده‌ستهێنا.