داود ئۆغڵو هەڵگرتنی پارێزبەندی سەڵاحەددین دەمیرتاش لە دەست پەرلەمانە

سەرۆک وەزیرانی تورکیا ئەحمەد داود ئۆغڵو رایگەیاند، "مژاری هەڵگرتنی پارێزبەندی هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان سەڵاحەددین دەمیرتاش و ئەندامانی دیکەی ناو پەرلەمانی تورکیا بۆ بڕیاردان لەسەری، رەوانەی پەرلەمان کراوە".

K24 – هه‌ولێر:

داودئۆغڵو  لەلێدوانێکی تایبەتدا بۆ یەکێک لە کەناڵەکانی ناوخۆی تورکیا گوتی: "ئەم کێشەیە خراوەتە ناو ئەجیندای کاری پەرلەمانی تورکیا و دوای تەواو بوونی مژاری بوودجەی وڵات ئەو دۆسییە دەکرێتەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت".

سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتیشی: "لەکاتێکدا ئەگەر بۆچوونەکانیش دژە یەک بن و پێچەوانەی ویستی ئێمە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا،  بڕوامان بە بنەمای پاراستنی پارێزبەندی پەرلەمنتاران هەیە، نابێ هیچ پەرلەمنتارێک کە نوێنەرایەتی خەڵک دەکات، لەلایەن هیچ کەسێکەوە بە نایاسایی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت".

یاداشتی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران  کە رەوانەی پەرلەمانی تورکیا کراوە، تێیدا هەریەکە لە هاوسەرۆکانی هەدەپە سەڵاحەددین دەمیرتاش و فیگەن یوکەسەداغ و چەند سەرکردەیەکی دیکە، وەک سەلما ئارماک و سری سورەیا  ئۆندەر و چەند کەسیکی دیکە بە نانەوەی دووبەرەکی و پشێوی و هاندانی خەڵک  بۆ کرداری تووندوتیژی تۆمەتبارکراون.