حهشدی شهعبی هێزی زیاتر رهوانهی خورماتوو دهكات
حهشدی شهعبی رێككهوتنهكانی پێشێلكردووه
K24 - كهركووك:
لەدووزخورماتوو، کورد و حەشدی شەعبی، گەڕەکەکانیان لەیەکدی جیادەکەنەوەو بەربەست دروست دەکەن، بەرپرسێکی ئەمنی سنوورەکەیش دەڵێت: "دروست کردنی ئەو بەربەستانە بەھۆی نەبوونی متمانەی نێوان کوردو شیعەوەیە لەقەزاکە".
ھەرچەندە ڕەوشی شارۆچکەی خورماتوو ئێستا جێگیرە، بەڵام ناوبەناو، لەلایەن چەکدارانی حەشدی شەعبیەوە تەقە ئاراستەی گەڕەکە کوردییەکان دەکرێت.
فاورق عەبدوڵڵا، پیاوێکی کاسبکاری شارۆچکەی دووزخوماتووە، دووکانەکەی لەلایەن حەشدی شەعبیەوە زیانی پێگەیشتووەو تەقەی لێکراوە، ئەو ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە کە دوکانەکەی چۆڵ بکات و بەھۆی بوونی مەترسی بۆ سەر گەڕەکەکەی ناوچەکە بەجێبھێڵێت، وەک خۆی ئاماژهی بۆ دهكات. بەرپرسانی ئەمنی پێیان گوتووە کە ئەوان ناتوانن پارێزگاری لێ بکەن.
ھێشتا دیمەنی گرژی و ئاڵۆزییەکان لەخورماتوودا ماون، ئەم دووکانانە چەند شەوێك بەر لە ئێستا لەلایەن حەشدی شەعبییەوە تەقەیان لێکراوە و خاوەنی دووکانەکانیش دەڵێن: "ئێمە لەژێر ڕەحمی لوولەی تفەنگەکانی حەشدی شەعبیداین".
حەشدی شەعبی و کورد بەردەوامن لەدانیشتنەکانیان بۆ گەیشتنه دەرئەنجام لەسەر ڕەوشی شارۆچکەکە، قائیمەقامی خورماتوویش دەڵێت: "ئێمە لەسەدا ٨٠ گەشتووینەتە ڕێکەوتن لەگەڵ حەشدا".
لەچەند مانگی ڕابردوودا، لایەنی کوردی و حەشدی شەعبی لەدووزخورماتوو، لەسەر چەند خاڵێك رێکكەوتن، کشانەوەی حەشدی شەعبی لە ناوەندی شارۆچکەکە یهكێك بوو له خاڵهكان، بەڵام تا ئێستا حەشدی شەعبی ھێزەکانی نەکشاندووهتەوە و پێچەوانەی رێکكەوتنەکانیش حەشد ھێزی زیاتریان ھێناوەتە شارۆچکەکە، ئەمەش بەوتەی بەڕێوبەری ئاسایشی شارۆچکە خورماتوو.
ھەرچەندە ھەوڵماندا بەرپرسانی حەشدی شەعبی بدوێنین لەخورماتوو، بەڵام ئەوان بەبیانووی جۆراوجۆر ئامادەنەبوون و تەنھا ئەوەندەیان دركاند، بۆ کۆتاییھاتنی گرژی و ئاڵۆزییەکان، ئەوان چاوەڕوانن کورد خاڵەکانی ڕێکكەوتنەکە جێبەجێبکات.