چێڵسی بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی لێدانێكی كوشنده‌ی به‌ركه‌وت

له‌ یه‌كێك له‌ باشترین یاریزانه‌كانی بێبه‌ش ده‌بێت

K24 ـ هه‌ولێر

له‌ یارییه‌كانی گه‌ڕانه‌وه‌ی خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌ورووپا، سبه‌ی له‌ كات 10:45 خوله‌ك له‌ یاریگه‌ی ستامفۆرد بریج یانه‌ی چێڵسی میوانداریی پاریس سانجێرمان فره‌نسی ده‌كات، كه‌مێك پێش ئێستا گۆس هیدینك راهێنه‌ری بلووز هه‌واڵێكی ناخۆشی بۆ هانده‌رانی یانه‌كه‌ی ڕاگه‌یاند.

جۆن تێری به‌هۆی پێكانه‌وه‌ به‌شداریی 5 یاریی ڕابردووی یانه‌كه‌ی نه‌كردووه‌، ئه‌گه‌رچی دوێنێ وا راگه‌یاندرا كه‌ ئه‌و یاریزانه‌ له‌ پێكانه‌كه‌ی چاكبۆته‌وه‌، به‌ڵام گۆس هیدینك له‌ نوێترین لێدوانیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ته‌ندروستی جۆن تێری دڵنیا نییه‌ بۆیه‌ بڕیاریداوه‌ بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی له‌ به‌رانبه‌ر پاریس سانجێرمان به‌شداریی پێ نه‌كات.

به‌ گوێره‌ی هه‌واڵی ماڵپه‌ری talksportـی ئینگلیزی، بۆ یارییه‌كه‌ی سبه‌ی، باری ته‌ندروستی هه‌ریه‌ك له‌ (دیێگۆ كۆستا و پیدرۆ رۆدریگێز)ـیش جێگیر نییه‌.

له‌ یاریی چوونی نێوان پاریس سانجێرمان و چێڵسی، یانه‌ فرانساییه‌كه‌ به‌ 2 گۆڵ به‌رانبه‌ر تاكه‌ گۆڵێك یارییه‌كه‌ی برده‌وه‌، گۆڵه‌كانی پاریس زڵاتان و كاڤانی تۆماریان كرد، تاكه‌ گۆڵه‌كه‌ یانه‌ له‌نده‌نییه‌كه‌ش جۆن ئۆبی میكێل تۆماری كرد.