ئەمریکا دەنگۆی کوژرانی دیارترین و باڵاترین سەرکردەکانی داعشی بڵاودەکاتەوە
ئەگەر کوژرابێ گورزێکی کوشندە دەبێ لە دژی داعش
K24-هەولێر
چەند بەرپرسێکی ئەمریکا رایانگەیاند ئەگەر هەیە ئەبو عومەر شیشانی، وەزیری جەنگ لە نێو رێکخراوی داعش و سەرکردەی هەرە باڵای نێو رێکخراوەکە شەوی رابردوو لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە سووریا کوژرابێ.
ئەبو عومەر شیشانی یەکێکە لە دیارترین سەرکردە باڵاکانی داعش، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا خەڵاتێکی دیار کردووە دەگاتە 5 ملیۆن دۆلار بۆ هەر کەسێک زانیاریی لەبارەیەوە دەدات و دەبێتە هۆی لەناوبردنی.
ئەبو عومەر شیشانی لە دایکبووی 1986 لە وڵاتی جۆرجیا کە ئەوکات بەشێک بوو لە یەکێتی سۆڤێت. ئەبو عومەر شیشانی ناسراوە بەوەی راوێژکاری سەربازیی نزیکی خەلیفەکەی داعشە، ئەبو بەکر بەغدادی، کە لایەنگرانی دەڵێن زۆر پشت بە شیشانییەوە دەبەستێ.
بەرپرسە ئەمریکییەکان دەڵێن هێرشە ئاسمانییەکە چەند فڕۆکەیەکی جەنگیی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئەنجامیاندا و ئەبو عومەر شیشانیان لە نزیکی شاری شەدادییە لە سووریا کردە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا دەڵێ: شیشانی نێردراوە بۆ شەدادییە بۆ پاڵپشتیکردنی چەکدارانی داعش، دوای ئەوەی دووچاری چەند شکستێک بوونەوە لەسەر دەستی ئەو هێزە هاوپەیمانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتییان دەکات و مانگی رابردوو شاری شەدادییەیان لە بندەستی داعش دەرکرد.
پیتەر کوک، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند: "سوپای ئەمریکا هێشتا لێکۆڵینەوە دەکات لەبارەی هەڵسەنگاندنی ئەنجامەکانی هێرشەکە، کە گرنگە".
پیتەر کوک گوتیشی: "شیشانی هاووڵاتییەکی جۆرجیی بوو و نیشتەجێی سووریایە و چەند پۆستێکی سەربازیی باڵای لە نێو دەوڵەتی ئیسلامیی هەبووە وەک وەزیری جەنگ".
گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ئاماژەشی کرد کە: "کوژرانی شیشانی دەبێتە هۆی لاوازبوونی تواناکانی (داعش) بۆ هەماهەنگیکردن بۆ رێکخستنی هێرشەکان و بەرگرییکردن لە پێگەکانیان".
ئەوەشی خستەڕوو کە: کوژرانی شیشانی "زیان بە دەوڵەتی ئیسلامیی دەگەیەنێ لە رووی رێکخستنی چەکدارانی بیانی زیاتر لە ریزەکانی خۆی بەتایبەت لە شیشان و ناوچەی قەوقازەوە".
هاوکات بەرپرسێکی ئەمریکا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ رایگەیاند: "بەپێی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی شیشانی لەگەڵ 12 چەکداری دەوڵەتی ئیسلامیی کوژراون".
لای خۆیەوە بەرپرسێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) کە لە دژی داعش لە رۆژئاوای کوردستان دەجەنگن بەتایبەت لە ناوچەی شەدادی، نەویست ناوی ئاشکرا بکرێت، رایگەیاند: چەند زانیارییەکمان پێ گەیشتوون دەڵێن شیشانی کوژراوە، بەڵام وەردەکاریی دیکەی نەخستەڕوو و گوتی: ناتوانم دڵنیایی بدەم لەبارەی کوژرانییەوە.
ئەبو عومەر شیشانی کە ناوی راستەقینەی (تەرخان تەیموورازۆفیچ باتێرشفیلی)ە و وەک یاخوبوویەک لە هەڵمەتە سەربازییەکان لە شیشان بەشدار بووە و دواتر لە ساڵی 2006 چووەتە نێو ریزەکانی سوپای جۆرجیا و لە دژی هێزەکانی رووسیا جەنگاوە و پێش دوو ساڵ بەهۆی تەندروستییەوە لە خزمەتی سەربازیی نەماوە.
ئەمە لە کاتێکدایە تا ئێستا چەند جارێک هەواڵی کوژرانی ئەبو عومەر شیشانی بڵاوبووەتەوە بەڵام ئەو هەواڵانە دواتر بە درۆ خراونەتەوە.
سەرچاوە: رۆیتەرز، ئا: ئا ، ف