ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە ناوچەی ھەزەخی شرناخ كۆتایی پێھات

قەدەغەی ھاتووچۆ بەردەوامە

K24 - ھەولێر:

دوای 24 رۆژ ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا لە ناوچەی ھەزەخی شاری شرناخ لە باكووری كوردستان كۆتایی پێھات، بە گوێرەی ئاماری سوپای ئەو وڵاتە زیاتر لە سەد ئەندامی (یەپەسە)یان كوشتووە.

لە بەیاننامەیەكدا سوپای توركیا رایگەیاند "دوای 24رۆژ ئۆپەراسیۆن لە ناوچەی ھەزەخی شرناخ، كۆتایی پێھات و لەو ئۆپەراسیۆنەدا چوار ھەزار سەرباز و بە ھەزاران پۆلیس بەشداریان لە ئۆپەراسیۆنەكەدا كردوە و114ئەندامی یەكینەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) كوژراون".

لە 16ی شوباتی 2016، سوپای توركیا بە تانك و چەكی گەورە ئۆپەراسیۆنی لە ناوچەی ھەزەخی شرناخ لە باكووری كوردستان دژ بە یەكینەكانی پاراستنی سڤیل (یەپەسە) دەست پێكرد، ھەمان رۆژ قەدەغەی ھاتووچۆ لە ناوچەكە راگەیاندرا، ئێستا كە ئۆپەراسیۆن تەواوبووە ھێشتا ئۆپەراسیۆن بەردەەوامە.

نزیكەی ساڵێكە شەڕ و ئاڵۆزی كەوتووەتە ناوشارەكانی باكووری كوردستان و رووبەڕووبوونەوە لە نێوان ھێزەكانی ئەمنی توركیا و یەكینەكانی پاراستنی سڤیل روودەدات، بە گوتەی بەرپرسانی ئەمنی و سەربازی توركیا ئەوان گروپێكی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ن.

لەو ماوەیەدا جگە لەوەی ژمارەیەكی زۆر ھاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە، بە ھەزاران كەس ئاوارە بوونە، لە بەشێكی ناوچەكانی باكووری كوردستان ھاتووچۆ قەدەغەكراوە.