رووسیا ئامادەیە لە شەڕی رەققە هەماهەنگیی لەگەڵ ئەمریکا بکات
K24-هەولێر
وەزیری دەرەوەی رووسیا، سێرگێ لاڤرۆڤ رایگەیاند مۆسکۆ ئامادەیە هەماهەنگیی لەگەڵ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی بکات کە ئەمریکا سەرۆکایەتی دەکات لە سووریا بۆ دەرکردنی رێکخراوی داعش کە شاری رەققە لە سووریا.
سێرگێ لاڤرۆڤ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (R.A.N) راشیگەیاند: "ئێمە ئامادەین بۆ رێکخستنی جوڵەکانمان لەگەڵ ئەمریکییەکان، چونکە رەققە لە باشی رۆژهەڵاتی سووریایە و هاوپەیمانێتییەکەی ئەمریکا لە بنەڕەتدا لەوێ کاردەکات".
وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتیشی: "دەکرێ نهێنێ نەبێ ئەگەر بڵێم لە قۆناغێکدا ئەمریکییەکان پێشنیازیان کرد کارە دابەش بکەن، هێزی ئاسمانیی رووسیا سەرقاڵی رزگارکردنی تەدمور بێ و هاوپەیمانێتییەکەی ئەمریکاش بە پاڵپشتیی رووسیا هەوڵی رزگارکردنی رەققە بدات".
شاری رەققە لە سووریا بە پێگەی سەرەکی چەکدارانی داعش ناودەبرێ، هاوکات شاری تەدمور لە بیابانی سووریا بە یەکێک لە پێگە ستراتیجییەکانی ئەو رێکخراوە دادەنرێ لە سووریا.
ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوەی رووسیا هاوکاتن لەگەڵ بەردەوامبوونی ئاگربەست لە سووریا کە داعش و بەرەی نوسرە ناگرێتەوە، هەروەها هاوکاتن لەگەڵ دەستپێکردنی دانووستانەکانی نێوان حکوومەتی سووریا و لایەنە بەرهەڵستکارەکانی لە جنێڤ بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەکی ئاشتیانە بۆ شەڕی نێوخۆیی سووریا کە زیاتر لە پێنج ساڵە بەردەوامە.
سەرچاوە: ئاژانسی ئینتەر فاکس، ئا: ئا ، ف
