هۆشیار زێباری و مەندەلاوی تاوتوێی چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن
جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، لەگەڵ شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری کۆبووەوە و پێکەوە دوایین بارودۆخی گشتیی وڵات و میکانیزمەکانی چارەکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانیان لە چوارچێوەی دەستووردا تاوتوێ کرد.
چوارشەممە، 28ـی تشرینی یەکەمی 2026، موحسین مەندەلاوی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە، لە شاری بەغدا، پێشوازی لە شاندێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتیی هۆشیار زێباری، بەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی حزبەکە لە بەغدا.
نووسینگەی راگەیاندنی مەندەلاوی، لە راگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا، بە وردی گفتوگۆ لە بارەی دوایین پێشهاتە سیاسی و گشتییەکانی عێراق کرا، لە پاڵ هەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم ئەو دۆسیە هەڵپەسێردراوانەی لە نێوان حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بوونیان هەیە.
هەردوولا پێداگرییان لەسەر بایەخی هەماهەنگی و یەکخستنی هەوڵەکانی نێوان لایەنە سیاسییە جیاوازەکان کردەوە، بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە هەنووکەیییەکان و دۆزینەوەی چارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ تەواوی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، بە پێی رێڕەوە پەسەندکراوە دەستوورییەکان.