كەجەكە: کوشتنی خەڵکی سڤیل تاوانە

تەقینەوەكەی ئیستەنبوڵ شەرمەزار دەكات

K24 - ھەولێر:

کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند، تەقینەوەکەی ئیستەنبوڵ شەرمەزار دەكەین و كوشتنی خەڵكی سڤیل تاوانە.

لە راگەیاندراوێكدا كە لە میدیاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) بڵاوكراوەتەوە، کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) رایگەیاند: "کوشتنی خەڵکی مەدەنی هەر کەس و لایەنێک کە دەیکات، ئێمە بە راستی نابینین و بە توندی ئەو جۆرە  کارانە ریسوا دەکەین".

لە بەشێكی دیكەی راگەیاندراوەكەی كەجەكەدا ھاتووە: "ئێمە وەکو تەڤگەری ئازادی گەلی کورد لە ساڵی 1984ەوە ناچار کراوین کە پەنا بۆ شەڕی گەریلایی ببەین، هەمیشە هەوڵمان داوە کە پرسی کورد لە تورکیا بە رێگەچارەی سیاسی و دیموکراتی چارەسەر بکرێت، ئێمە دیسانەوە پێداگیری لە سەر ئەو رێبازە دەکەینەوە، بەڵام دەسەڵاتی ئاکەپە، دەروازەی بە ئاشتی چارەسەرکردنی پرسی کوردی داخستووە، ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئازادی گەلێک، کەوتووینەتە ناو شەڕێکەوە کە بە سەرماندا سەپێندراوە".

لەم راگەیاندراوەدا كەجەكە ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە: "کوشتنی خەڵکی سڤیل تاوانە، زۆر جار دووبارەمان کردوتەوە کە ئێمە وەکو بزووتنەوەی ئازادی گەلی کورد، پابەندی پەیماننامەی جنێڤین کە تایبەتە بە شەڕ و لە ساڵی 1994وە ئیمزامان کردووە".

دوێنێ تەقینەوەیەك لە شاری ئیستەنبوڵ لە توركیا روویداو، بووە ھۆی كوژرانی 5 كەس و 36 كەسی دیكەش بریندار بوون، تا ئێستا ھیچ كەس و لایەن بەرپرسیارییەتی خۆی لە تەقینەوەكە رانەگەیاندووە.