گەورەترین مەراسیمی ھاوسەرگیری بە كۆمەڵ ئەنجامدرا
K24 - ھەولێر:
دوو ھەزار كەس بەیەكەوە ھاوسەرگیریان لە شاری مەكسیكۆ لە مەكسیك ئەنجامدا، بەمەش تۆماری جیھانی پێش خۆیان شكاند، بوك و زاواكان لە تەمەن و چینی جیاوازدابوون و ژمارەیەكیشیان لەبەر ھەژاری، چاوەڕوانی دەرفەتێكی بەم شێوەیە بوون ھاوسەرگیری بكەن.
مەراسیمی ھاوسەرگیری بە كۆمەڵ لە شاری مەكسیكۆ، بەم گوتە دەستی پێكرد" ئێوە ئێستا ھی یەكن و ھەركەسێك ھاوسەرەكەی خۆی لە باوەش بگرێت و ماچی بكات".
لە سەرەتای دەست پێكردنی مارە بڕینەكە كارمەندی مارەبڕین لە شارەوانی مەكسیك گوتی: "ھەستنەوە سەرپێ بۆ دەستپێكردنی رێوڕەسمەكە، ئێوە رازین بەوەی لە ناخۆشیدا لەگەڵ یەكدا بن؟".
یەكێك لە بەشدار بووانی ئاھەنگی بوك و زاوای بە كۆمەڵ گوتی: "ئەم ھاوسەرگیرییە بە كۆمەڵە بۆ من زۆر دەگەیەنێت خەونەكەم دی، پێشتر لەبەر ھەژاری شووم نەكردووە، زۆر دڵخۆش. سوپاسی شارەوانی دەكەم".
شارەوانی مەكسیكۆ سەرپەرشتی بۆنەكەی كرد و خواردنەوەشی پێشكەش بە بوكوزاوكان كرد، ھەموو لایەك بە دەم سەماكردنەوە ئاھەنگەكەیان لەگەڵ تیمی ئۆركێسترا خۆشتر كرد.