لە پیرانشاری رۆژهەڵاتی کوردستان پێشانگایەکی کتێب کرایەوە

لە هۆڵی کولتووری و هونەریی شاری پیرانشار لە رۆژهەڵاتی کوردستان، پێشانگەیەکی بەرفراوانی کتێب بە پێنج هەزار ناونیشان و 30 هەزار بەرگ کتێب بە هەردوو زمانی کوردی و فارسی کراوەتەوە و بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگاکانی بە رووی خوێنەراندا کراوە دەبێت.

پێشانگەکە لە 11ـی تشرینی دووەمەوە دەستی پێ کردووە و تێیدا بوارە جیاوازەکانی وەک ڕۆمان، شیعر، فەلسەفە، زانست، پزیشکی و کتێبی منداڵان نمایش کراون، هاوکات بە داشکاندنی لە 15% تاوەکو 50% پێشوازی لە خوێنەران دەکرێت.

یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پێشانگەکە بە کوردستان24ـی راگەیاند، داشکاندنی لە 15% بۆ 50%ـیان بۆ کتێبەکان هەیە و بەخۆشحاڵییەوە پێشوازییەکی باش لە پێشانگەکە کراوە؛ ئاماژەی بەوەش دا کە کۆمەڵگە بەراورد بە ڕابردوو ئاستی خوێندنی بەرزتر بووەتەوە و بەرەو خوێندەواری هەنگاوی ناوە.

لە پێشانگەکەدا تەنیا کتێب ناکڕدرێت، بەڵکوو لای سەردانیکەران کتێب وەک چرای رێگە و قوتابخانەیەک بۆ پەروەردەکردنی خێزان و نەوەیەکی هۆشیار سەیر دەکرێت. یەکێک لە سەردانیکەرانی پێشانگەکە دەڵێت: "کتێب باشترین هاوڕێیە بۆ هەموو مرۆڤەکان، دەتوانێت رێنیشاندەر بێت و داهاتوو پیشانی مرۆڤ بدات، هەروەها قوتابخانەیەک بێت بۆ راهێنانی خێزانەکانیش." هاوکات داوا لە هەمووان دەکات ببنە هاوڕێی کتێب و خێزانەکانیان فێری خوێندن و خوێندنەوە بکەن.

سەردانیکەرێکی دیکەی پێشانگەکە باس لەوە دەکات کە خوێندنەوەی کتێب لە کۆمەڵگەی ئێستادا روو لە زیادبوونە و دەڵێت: "خەڵک ئێستا زیاتر لە جاران چێژ لە خوێندنەوەی کتێب وەردەگرن و کتێب بە باشترین هاوڕێی خۆیان دەزانن."

هاوکات، بەپێی نوێترین ڕاپرسیی ناوەندی توێژینەوەی کولتوور، هونەر و پەیوەندییەکانی سەر بە وەزارەتی رۆشنبیریی ئێران، تێکڕای خوێندنەوەی کتێب لەو وڵاتەدا (جگە لە کتێبەکانی تایبەت بە خوێندن و قوتابخانە) 11.2 خولەکە لە رۆژێکدا و 42.8%ـی هاووڵاتییانیش هەفتانە کتێب دەخوێننەوە.