چیرۆکی مێژوویی قوتابخانەی قوبەهان لە ئامێدی
پرۆسەی نۆژەنکردنەوەی گەیشتووەتە چ قۆناخێک؟
قوتابخانەی مێژوویی قوبەهان لە سنووری قەزای ئامێدی، سەدان ساڵ وەک یەکێک لە گەورەترین ناوەندە زانستییەکانی کوردستان رۆڵی گێڕاوە و زانایانی هەر چوار پارچەی کوردستانی تێدا پێگەیشتوون، لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکدا بە پاڵپشتیی فەرەنسا کاری پاراستن و نۆژەنکردنەوەی بۆ دەکرێت.
ئەمڕۆ هەینی 19ـی تشرینی دووەمی 2026، بێکەس بریفکانی، بەڕێوەبەری شوێنەوار و کەلەپووری دهۆک، دەربارەی هەوڵەکانی نۆژەنکردنەوەی قوتابخانەی قوبەهان و شوێنەوارەکانی دیکەی دەڤەرەکە بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت، ماوەی چەند مانگێکە دەستیان بە نۆژەنکردنەوەی شەش شوێنەوار لە سنووری ئامێدی کردووە کە یەکێکیان قوتابخانەی قوبەهانە، ئەوەش لەسەر بنەمای پلانێکی یەک ساڵە لەگەڵ رێکخراوی (Expertise France) و بە پاڵپشتیی دارایی دەزگای (ALIPH Foundation) و کونسوڵخانەی فەرەنسا.
بریفکانی ئاماژەی بەوە دا، کارەکان بەردەوام بوون، بەڵام بەهۆی بارودۆخی کەشوهەواوە بە شێوەیەکی کاتی راگیراون و چاوەڕوانن لە مانگی سێ یان چواری داهاتوودا دووبارە دەست پێ بکەنەوە و تەواو بکرێن.
لەبارەی شێوازی نۆژەنکردنەوەکەش گوتی: “پلانەکە بەو شێوەیە نییە کە وەک بینایەکی نوێ بە تەواوی بونیاد بنرێتەوە، چونکە بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی قوتابخانەی فەرەنسی، دەبێت لەم قۆناخەدا وەک خۆی بمێنێتەوە؛ بۆیە هەندێک بەشی دەپارێزرێن، هەندێکی رادەگیرێن تا نەڕووخێن و هەندێک بەشیشی نۆژەن دەکرێنەوە”.
مێژووی دروستکردن و نهێنیی ناونانی بە قوبەهاندەربارەی رەهەندە مێژووییەکەی ئەم ناوەندە، ئەمڕۆ هەینی، 20ـی تشرینی دووەمی 2026، هێرش کەمال رێکانی، نووسەر و لێکۆڵەری دیاری دەڤەری بادینان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند، قوتابخانەکە دەکەوێتە باکووری رۆژئاوای قەڵای ئامێدی لە دۆڵی «شەقلفات» لەسەر رووباری ئامێدی و لە نزیک گوندی کۆنی “رووباری”.
بە گوتەی رێکانی، بەپێی سەرچاوە رەسەنەکان و ژمارەیەک دەستنووسی کۆن، ئەم قوتابخانەیە لە سەردەمی «سوڵتان حوسێن وەلی» (1533-1573ز) دروست کراوە، نۆژەن کراوەتەوە و فراوان کراوە. ئەو لێکۆڵەرە ئەمەش دەبەستێتەوە بە چەند بەڵگەیەکی مێژووییەوە؛ لەوانە دوو کۆنترین دەستنووسی کتێبخانەی موفتییەکانی ئاکرێ کە مێژووەکەیان بۆ ساڵانی 1469 و 1471ـی زایینی دەگەڕێتەوە و زۆر نزیکن لە سەردەمی سوڵتان حەسەنی باوکی سوڵتان حوسێن وەلی (1465-1533ز)، بەڵام لە هیچ کامیاندا ئاماژە بە قوتابخانەی قوبەهان نەکراوە، ئەمەش دەریدەخات تا کۆتایی سەدەی پانزەیەم قوتابخانەکە دروست نەکرابوو و لە «سەردەمی زێڕین»ـی سوڵتان حوسێن وەلیدا بونیاد نراوە کە لە کتێبی «شەرەفنامە»شدا بە گرنگیدان بە زانست و مەدرەسە و مزگەوت ستایش کراوە.
رێکانی روونیشی کردەوە، زۆربەی دەستنووس و وەقفەکانی قوتابخانەی قوبەهان مۆری سوڵتان حوسێن وەلییان لەسەرە، هاوکات لە دەستنووسە کۆنەکاندا ناوی قوتابخانەکە بە «الحسینیة» و «السلطانیة» هاتووە، کە هەردووکیان لە ناوی سوڵتان حوسێن وەلییەوە وەرگیراون.
هەروەها لە کۆنترین دەستنووسی مەدرەسەکەدا کە مێژووەکەی بۆ ساڵی 1542ـی زایینی دەگەڕێتەوە و لە لایەن زانا (محەممەد کوڕی مەحموود بەرواری / بۆختی - بۆتانی)ـیەوە نووسراوە، بە ڕوونی ئاماژە بەوە کراوە کە لە «قوتابخانە سوڵتانییە لە گوندی قوبەهان» تەواوی کردووە؛ ئەمەش دەیسەلمێنێت کە قوتابخانەکە لە سەرەتادا بە ناو دامەزرێنەرەکەیەوە ناسراوە و دواتر ناوی «قوبەهان»ـی لەو گوندەوە وەرگرتووە کە تێیدا دروست کراوە.
رووگەی زانایانی هەر چوار پارچەی کوردستان
قوتابخانەی قوبەهان لە نێوان سەدەی شانزەیەم تا ساڵی 1961 رۆڵێکی گەورەی لە پێگەیاندنی دەیان زانا، شاعیر، نووسەر و مافپەروەردا هەبووە و بووەتە رووگەیەک کە زانایانی هەر چوار پارچەی کوردستانی بە یەکەوە گرێ داوە.
هێرش کەمال رێکانی ئاماژەی بە ناوی چەندین زانای دیاری ئەو قوتابخانەیە کرد، لەوانە: مەلا مەحموودی بهوسی/مزووریی ژووری (کۆچی دوایی 1689ز) کە وەک یەکێک لە پێشەنگەکانی قوتابخانەکە دادەنرێت؛ زانا و شاعیری باکووری کوردستان مەلا خەلیلی سێرتی (1750-1843ز) کە دەستنووسی ساڵی 1778ـی لە قوبەهان نووسیوە؛ مەلا عەبدوڵڵای رێکانیی مامیسی، موفتیی زاخۆ (کۆچی دوایی 1795ز) کە چەندین دەستنووسی بە زمانەکانی عەرەبی، فارسی، تورکی و کوردی لە قوبەهان نووسیوە؛ و مەلا یەحیای مزووری (کۆچی دوایی 1839ز) کە گەورەترین زانای بادینان و موفتیی سەر ئاستی عێراق بووە و لای مەلا مەحموودی بادینی (کۆچی دوایی 1787ز) مۆڵەتی زانستیی وەرگرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، مەلا رەسووڵی سوورچی کە لە ساڵی 1667ـدا لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستا بووە، لەسەر داوای میرێکی ئامێدی هاتووەتە دەڤەرەکە و بووەتە بەڕێوەبەر و موفتیی مەدرەسەی قوبەهان. هاوکات لەوقوتابخانەیەدا بزاڤی وەرگێڕان و ئەدەبی کوردیش گەشەی سەندووە؛ لەوانە دەستنووسی گەردوونناسیی «ڕۆژنامەی الجدید» لە ساڵی 1778 کە عەللامەی کوڕی مەحموودی بهوسی بە تورکی نووسیویەتی، وەرگێڕدراوەتە سەر فارسی و مەلا عەبدوڵڵای ڕێکانی لەبەری نووسیوەتەوە، سەرەڕای ئامادەکردنی فەرهەنگۆکێکی چوار زمانیی (کوردی، عەرەبی، تورکی و فارسی).
قوبەهان لە چاوی گەڕیدەی عوسمانی ئەولیا چەلەبیدا
گەڕیدەی بەناوبانگی عوسمانی، ئەولیا چەلەبی (1611-1684ز)، کە لە ساڵی 1656ـ سەردانی ئامێدیی کردووە، لە «سیاحەتنامە»کەیدا بە سەرسامییەوە باسی قوبەهانی کردووە و نووسیویەتی: «ئەم قوتابخانەیە لە ژێر قەڵاکە و لە نێو باخ و بێستاناندایە، هێندە گەورەیە دەڵێیت قەڵایە، لەسەر بانەکەی 16 قوبەی پتەو هەن و لە 60 حوجرە پێک دێت، لە نێو حەوشەکەیدا حەوز، جۆگەلە و فوارەی ئاو هەن و بە تەنیشت شەقامەکەشیدا گوڵ چێنراون.
چەلەبی تۆماری کردووە کە لە زستان و هاویندا 300 بۆ 400 قوتابی تێیدا دەیانخوێند و هەموو جۆرە زانستێکیان لە فەلسەفەی ئەرستۆوە تا زانستی سروشتی دەخوێند، داهاتی باخ، دووکان، ئاشێکی ئاو و جزیەی 50 گوند بۆ قوتابخانەکە تەرخان کرابوو، شێخولئیسلامی میرنشینەکە سەرۆکی مامۆستایانی بوو و ڕۆژانە دوو ژەم خواردن لە میوانخانەکەیدا پێشکەش دەکرا. چەلەبی ئاماژەی بەوەش داوە کە هەرچەندە دروستکەرەکەی سوڵتان حوسێنە و بە ناوی پردەکەی تەنیشتییەوە بە «قوتابخانەی قوبەهان» دەناسرێت، بەڵام کوردەکان زیاتر پێی دەڵێن «مەدرەسەی قوبا»، دەشڵێت: «ماوەی 11 ساڵ بە وڵاتی کوردستاندا گەڕام، بەڵام هیچ خوێندنگەیەکی وەک ئەمەم نەبینی.»
ئەم قوتابخانە مێژووییە تا ساڵی 1961 لە پێگەیاندنی زانایان بەردەوام بوو و دوایین مامۆستاشی مەلا محەممەد شوکری موفتی بووە.
