توركیا ھۆشداری دەداتە یەكێتی ئەوروپا

"ئەگەر تورکیا ھەموو مەرجەکانی رێککەوتنەکە قبوڵ بکات و جێبەجێیان بکات، ئەوا یەکێتی ئەوروپا تا کۆتایی ئەمساڵ ڤیزای شنگن بەرووی تورکەکان دەکاتەوە"

K24 – ھەولێر:

تورکیا ھۆشداری دەداتە یەکێتی ئەوروپا کە ئەگەر مەرجی ڤیزای شنگن لەسەر ھاووڵاتیانی تورک ھەڵنەگرن، ئەوا ئەنقەرە لە رێککەوتنەکەی خۆی لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا پاشگەز دەبێتەوە و چیدیکە ئامادە نابێت پەنابەرانی سووریا کە لە ئەوروپا رەوانە دەکرێنەوە، وەربگرێتەوە.

ڤۆلکان بۆزکر، وەزیری کاروباری یەکێتی ئەوروپای لە حكوومەتی تورکیا بە میدیاکانی تورکیای راگەیاندووە: پێویستە بە زووترین کات یەکێتی ئەوروپا ئەو پێشنیازەی تورکیا قبوڵ بکات، تا تورکیا پاسپۆرتی نوێ دەربکات کە بەگوێرەی ستانداردی پاسپۆرتی یەکێتی ئەوروپا بێت و ئەوکات ئەنقەرە رازی دەبێت بەردەوام بێت لە وەرگرتنەوەی پەنابەرانی نائاسایی کە لە وڵاتانی ئەوروپاوە رەوانە دەکرێنەوە.

لەسەرەتایی ئەم ھەفتەیە، ژان کلۆد یانکەر، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئاشکرای کرد کە ئەگەر تورکیا ھەموو مەرجەکانی رێککەوتنەکە قبوڵ بکات و جێبەجێیان بکات، ئەوا یەکێتی ئەوروپا تا کۆتایی ئەمساڵ ڤیزای شنگن بەرووی تورکەکان دەکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment