پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر بۆ ئه‌م هه‌فته‌یه سووپرایزی پێیه
ئه‌مشه‌و یاریزانێكی له ئه‌ورووپاوه بۆ هه‌ولێر ده‌گه‌رێته‌وه
K24 ـ هه‌ولێر
دوای ئه‌وه‌ی مانگی رابردوو یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر یه‌كێك له باشترین هێرشبه‌ره‌كانی له‌ده‌ستدا كه ئه‌ویش میران كه‌ریم بوو كه ئه‌م وه‌رزه 3 گۆڵیشی بۆ پێشمه‌رگه تۆمار كرد بوو، كه به‌هۆی ئه‌وه‌ی خانه‌واده‌كه‌ی نیشته‌جێی ئه‌ورووپان به‌ره‌و ئه‌ڵمانیا كۆچی كرد.
رۆیشتنی ئه‌م یاریزانه له یانه‌كه خه‌مناكی و نیگه‌رانییه‌كی زۆری له نێو ئیداره و یاریزانان و راهێنه‌ری یانه‌كه لێ كه‌وته‌وه، به‌وپێیه‌ی ئه‌وان هێشتا له كێبركێی بردنه‌وه‌ی نازناوی خولی نایاب دانه‌بڕاون و له‌به‌رده‌م هیوایه‌كی گه‌وره‌دان، به‌ڵام كوردستان24 وه‌ك یه‌كه‌مین میدیای كوردستان زانیاری ئه‌وه‌ی لایه كه ئه‌و یاریزانه ئه‌مشه‌و له ڕێگه‌ی فرۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێره‌وه ده‌گاته‌وه پایته‌ختی كوردستان و سبه‌ی په‌یوه‌ندی به یه‌كه‌ی مه‌شق و راهێنانی یانه‌كه‌ی ده‌كات و بۆ یارییه‌كه‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ی دادێ له به‌رانبه‌ر یانه‌ی دهۆك ئاماده ده‌بێـت.
پشتیوان ڕه‌شید، به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له لێدوانێكدا بۆ كوردستان24 ئه‌م هه‌واڵه‌ی پشت ڕاست كرده‌وه و رایگه‌یاند كه میران بۆ یارییه‌كانی داهاتووی پێشمه‌رگه گه‌ڕاوه‌ته‌وه و به‌شداریی یارییه‌كانی قۆناخی پێشكۆتایی خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان ده‌كات.
میران كه‌ریم، یه‌كێك له دیارترین گۆڵكاره‌كانی كوردستانه، پێشتر یاریی بۆ یانه‌كانی برایه‌تی، هه‌ولێر كردووه، وه‌رزی رابردوویش له یانه‌ی زێره‌ڤانییه‌وه په‌یوه‌ندی به یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێره‌وه كرد.