پۆلیسی گەرمیان: لە نۆ مانگدا 11 کەس بە رووداوی ماتۆڕسکیل گیانیان لەدەستداوە

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان ئاماری نۆ مانگی ڕابردووی ڕووداوەکانی ماتۆڕسکیلی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، بەهۆی زیاتر لە 200 رووداوەوە 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی 200 کەسی دیکەش بریندار بوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە ماوەی نۆ مانگی رابردووی ئەمساڵدا لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، 204 رووداوی هاتوچۆی ماتۆڕسکیل ڕوویانداوە.

بەگوێرەی ئامارەکەی پۆلیس، لە ئەنجامی ئەو رووداوانەدا 11 کەس گیانیان لەدەستداوە و 194 کەسی دیکەش تووشی برینداری و کەمئەندامبوون بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئەم جۆرە رووداوانە، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بەردەوام هۆشداری دەداتە شۆفێرانی ماتۆڕسکیل تا پابەندی رێنماییەکانی هاتوچۆ بن و خۆیان لە لێخوڕینی خێرا و سەرکێشی بپارێزن لە پێناو سەلامەتیی خۆیان و هاووڵاتییاندا.

پۆلیسی گەرمیان باسی لەوەش کردووە کە مەفرەزەکانیان بەردەوام لە ناو شار و شوێنە گشتییەکاندا لە ئەرکدان بۆ کۆنترۆڵکردنی سەرپێچییەکان؛ هاوکات هۆشداریش دەداتە سەرپێچیکاران کە لە ئەگەری پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکان و دروستکردنی مەترسی بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان، رووبەڕووی لێپرسینەوە و سزای توندی یاسایی دەبنەوە.