ملیۆنێرەکان فەرەنسا جێدەهێڵن
بزانە بۆ فەرەنسا و چەند وڵاتێکی دیکە جێدەهێڵن و بۆ کوێ دەچن
K24-هەولێر
بەپێی راپۆرتی دەزگای سامانی جیهانی نوێ کە دامەزراوەیەکی نێودەوڵەتییە زانیاریی و شرۆڤە لەبارەی کەرتی سامانی جیهانیی بڵاودەکاتەوە، لە ساڵی 2015 نزیکەی 10 هەزار کەسانی ملیۆنێر فەرەنسایان جێهێشتووە.
لە راپۆرتەکەدا هاتووە: لە ساڵی 2015 شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسایان گەورەترین رووداوی هەڵاتنی ملیۆنێرەکان شارەکەیان جێهێشتووە و ژمارەیان گەیشتووەتە حەوت هەزار ملیۆنێر، واتا نزیکەی 6%ی تێکرای ملیۆنێرەکانی دانیشتووی پایتەختی فەرەنسا.
بەپێی راپۆرتەکەی دەزگای سامانی جیهانی نوێ ئەو ملیۆنێرانەی کە پاریسیان جێهێشتووە روویان لە بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا و ئیسرائیل کردووە و هۆکارەکەش زیاتربوونی ئاستی هەستیاریی ئایینییە لە فەرەنسا و کەمیی هەلە.
راپۆرتەکە دەشڵێ: کاریگەریی هەستیارییە ئایینییەکانی نێوان مەسیحییەکان و موسڵمانەکان لە فەرەنسا زۆرە بەتایبەت لە ناوچە شارستانییەکان و راپۆرتەکە پێشبینی دەکات لە 10 ساڵی داهاتوو ملیۆنێرەکان زیاتر فەرەنسا جێبهێڵن، هاوکات پێشبینی دەکات ملیۆنێرەکان وڵاتانی وەک بەلجیکا و ئەڵمانیا و سوید و بەریتانیاش جێبهێڵن، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی هەستیاریی ئایینیی. وەک راپۆرتەکە دەڵێ.
بەپێی راپۆرتەکەی دەزگای سامانی جیهانی نوێ: لە ساڵی 2015 نۆ هەزار ملیۆنێر چینیان جێهێشتووە و 6 هەزار ملیۆنێریش ئیتاڵیایان جێهێشتووە و 4 هەزار ملیۆنێریش هندستانیان جێهێشتووە و 3 ملیۆنێریش بەهۆی سستبوونی ئابووریی و قەیرانی کۆچبەرانەوە یۆنانیان جێهێشتووە.
بەپێی راپۆرتەکە چوونی ملیۆنێرەکان لە هەر وڵاتێک بێ زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیەنێ بەتایبەت ئابووریی خۆجێی ناوچەکانی ئەو وڵاتانە.
ئا: ئا ، ف