هەولێر و بەغدا لە دانوستاندان بۆ دابینکردنی نەوتی سپی

 گفتوگۆی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ دابینکردنی نەوتی سپی دەستی پێکردووە و لە ئەگەری نەناردنی لە لایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی نەوت دەکڕێت و بە نرخی پاڵپشتیکراو دابەشی دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 27ـی ئەیلوولی 2026، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بە کوردستان24ـی رایگەیاند، بۆ ئەمساڵ هەرێمی کوردستان پێویستی بە 268 ملیۆن و 710 هەزار و 800 لیتر نەوتی سپی هەیە، واتە دەبێت 200 لیتر بۆ یەک ملیۆن و 343 هەزار و 553 خێزان دابین بکرێت. 

سەرچاوەکە باسی لەوە کرد، لەگەڵ بەغدا لە دانوستاندانن و بە ئەگەرێکی زۆرەوە حکوومەتی فیدراڵی پێداویستیی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین دەکات. لە ئەگەری دابیننەکردنیشی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان نووسراوی فەرمی ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە بۆ دابینکردنی شایستەی دارایی پێویست، تاوەکوو نەوتی سپی لە بازاڕ بکڕن و بە نرخی پاڵپشتیکراو بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان داوای نزیکەی 538 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی لە عێراق کردووە بۆ ئەوەی ئەم زستانە دوو بەرمیل نەوتی 200 لیتری بە هەر خێزانێک بدرێت، بەڵام هێشتا بەغدا بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکەی نەداوەتەوە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئاماژەی بەوە دا، تاوەکوو ئێستا پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی لە هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان دەستی پێ نەکردووە، بەڵام لە مانگی 10ـدا لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکات.
 روونیشی کردەوە، لەم دوو هەفتەیەدا بابەتی دابینکردنی نەوت یەکلا دەکرێتەوە و میکانیزمی دابەشکردنەکەش سەرەتا بۆ ناوچە شاخاوییەکانە، دواتر دەوروبەری شارەکان و پاش تەواوبوونی ئەو دوو ناوچەیە، دابەشکردن لە سەنتەری شارەکان دەست پێدەکات.

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستان، دابینکردنی نەوتی سپی بۆ ماڵان دەبێتە یەکێک لە پرسە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی بۆ ناوچە شاخاوییەکان بەهۆی سەختیی کەشوهەوا و دابەزینی خێرای پلەکانی گەرماوە.