خەسرەو گۆران: ناكرێ پڕۆسەی سیاسی عێراق بەم شێوەیە بەردەوام بێت
"بۆ ئەم قۆناغە یەكڕیزی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان گرنگە"
K24 - بەغدا:
سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ناكرێ پرۆسەی سیاسیی لە عێراق بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، یەكڕیزی ناو پەرلەمانی عێراق بۆ ئەوان وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان گرنگە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی كێشەكانی چەند رۆژی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەران و پڕۆسەی سیاسی عێراق خەسرەو گۆران، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند: "ناكرێت پڕۆسەی سیاسی بەم شێوەیە لە عێراق بەرێوەبچێت كە كۆمەڵێك ھەڕەشەی لەسەرە و لە شەڕداین لە دژی تیرۆر، بۆ ئەم قۆناغە یەكڕیزی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان گرنگە، بۆیە ھەموو لایەك ھەوڵمان بۆ ئەوەیە ئەو یەكڕیزیە بێتە كایەوە و بە شێوەیەكی یەكگرتوو ھەموو لایەكمان بچینەوە پەرلەمان".
گوتیشی: "ھەر گۆڕانكارییەك كە لە پەرلەماندا بكرێت دەبێ بە یەكگرتووی و یەكڕیزی بكرێت، نەك بەشێوەكانی دیكە كە دوورە لە یاسا و شەرعیەت و دەستووری عێراق كە ھەموومان لەسەری كۆكین، بۆ مەسەلەی چاكسازی ھەموومان لەگەڵ چاكسازین، بۆ ئەوەی عێراق بەرەو دۆخێكی باشتر بڕوات".
ئەمە لە كاتێكدایە كە له رۆژی 12ى نیسانهوه ژمارهیهك له نوێنهران وهك ناڕهزایهتى دهربڕین له بهرامبهر پێكهاتهى كابینهى حكومهت و ههنگاوهكانى چاكسازى له ناو ئهنجوومهنى نوێنهران مانیانگرتووه، لە دواین ھەڵوێستیاندا داوایانكرد وەك ھەنگاوی یەكەم سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دەست لە كار بكێشێتەوە و دەستەی سەرۆكایەتی نوێ ھەڵبژێردرێت.