فراکسیۆنی پارتی:دەست بە رێکارەکانی پێکهێنانی حکوومەت دەکەین
فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، کاراکردنەوەی پەرلەمان لە خزمەتی هەموو لایەنەکاندایە و داواش لە سەرجەم فراکسیۆنەکان دەکات بگەڕێنەوە هۆڵی پەرلەمان. هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە دەستەی سەرۆکایەتیی هەڵبژێردراو هەمیشەییە و کاتی نییە.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، پیرۆزبایی کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی لە خەڵکی کوردستان کرد و رایگەیاند "بە تەواوکردنی رێکارەکانی دانیشتنی یەکەمی پەرلەمان، رێز لە دیموکراسییەت و دەنگی خەڵک گیرا." ئاماژەی بەوەشدا، هەرێمی کوردستان یەک قەوارەی یەکگرتووی دەستوورییە و پەرلەمانیش سەکۆی یەکگرتنیەتی، بۆیە کاراکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە دژی هیچ لایەنێک نییە و لە خزمەتی هەموو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکانە.
فراکسیۆنی پارتی بانگەوازی ئاراستەی سەرجەم فراکسیۆنەکان و پەرلەمانتاران کرد کە بگەڕێنەوە ناو هۆڵی پەرلەمان و بەشداری دانیشتنەکان بکەن، تاوەکو ئەرک و بەرپرسیارێتیی خۆیان لە بەرامبەر دەنگدەرانیان و خەڵکی کوردستان بەجێبگەیەنن.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە کاتیبوون یان هەمیشەییبوونی دەستەی سەرۆکایەتی، فراکسیۆنی پارتی روونیکردەوە، دانیشتنەکە بەپێی پەیڕەو و رێکارە یاساییەکان بەڕێوەچووە و هەر هەنگاوێکی تریش لە کاتی خۆیدا و بەپێی یاسا دەبێت. جەختیشی کردەوە، ئەو دەستەیەی هەڵبژێردراوە "کاتی نییە"، بەڵکو دەستەیەکی هەمیشەییە.
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو و پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، کاراکردنەوەی پەرلەمان کاریگەریی ئەرێنی دەبێت و لە ئێستاوە دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ هەردوو پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم و پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە سەرجەمیان بەپێی ئەو بڕگە و ماددانە دەبن کە لە یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستاندا هاتوون.