پەرلەمان لە نێوان بەرژەوەندیی حزب و بەرپرسیاریی نیشتیمانیدا

پەرلەمان لە نێوان بەرژەوەندیی حزب و بەرپرسیاریی نیشتیمانیدا
پەرلەمان لە نێوان بەرژەوەندیی حزب و بەرپرسیاریی نیشتیمانیدا

کۆتا هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024 ئەنجامدرا هەڵبژاردنێک، کە لەوێدا دەنگدەرانی کوردستان بە دەنگەکانی خۆیان قەبارە و هێزی هەر حزب و لایەنێکی سیاسییان لە پەرلەمان دیاری کرد، ئەنجامەکەش روون بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەم و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە پلەی دووەم، لەو رۆژەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکە راگەیەندرا ئەرکی حزبە سیاسییەکان تەنیا کۆکردنەوەی کورسییەکان نەبوو، بەڵکوو دەبوو ئەو دەنگەی خەڵک بگۆڕدرێت بۆ پەرلەمانێکی کارا و لەو پەرلەمانەشەوە حکوومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین حزبی سەرکەوتووی هەڵبژاردن دەستی بە سەردانی حیب و لایەنە سیاسییەکان کرد بە مەبەستی پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. گفتوگۆکان دەستی پێکرد و کۆبوونەوەکان دووبارە و دووبارە بوونەوە، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەو گفتوگۆیەی کە دەبوو ببێتە رێگایەک بۆ پێکهێنانی حکوومەت خۆی گۆڕا بۆ بەربەستێک لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەت، هەندێک لە حیبەکان لە سەرەتاوە هەڵوێستی خۆیان دیاری کرد، کۆمەڵی دادگەری پەرلەمانتارەکانی نەناردە پەرلەمان و یەکگرتووی ئیسلامی هەڵوێستی ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد و بڕیاریان دا بەشداریی حکوومەت نەکەن، نەوەی نوێش بەڕوونی رایگەیاند، کە بەشداریی حکوومەتێک ناکات کە یەکێتی و پارتی پێکیبهێنن!!!

لە دیموکراسییەکدا ئۆپۆزسیۆن بوون مافێکی سیاسییە و هیچ حزبێک ناچار ناکرێت بەشداریی حکوومەت بکات، بەڵام پرسیارە سەرەکییەکە لەوێ دەست پێدەکات کە بڕیارێکی حزبی چەندە دەتوانێت لەسەر کارکردنی دامەزراوە نیشتیمانییەکان کاریگەری دابنێت؟ لە فەلسەفەی سیاسیی ژان ژاک رۆسۆدا سەرچاوەی رەوایەتیی دەسەڵات گەلە، خەڵک دەنگ دەدات و دەنگەکەی دەبێتە بنەمای رەوایەتیی دامەزراوە سیاسییەکان، کاتێک دەنگدەر بڕیاری خۆی دەدات ئەو بڕیارە نابێت لە نێوان ملمڵانێی حزبی و هەژمارکردنی دەسەڵاتدا ونبکرێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەی لە دوای هەڵبژاردنی 2024 روویدا پرسیارێکی قووڵتری دروست کرد ئایا ئەو دەنگەی خەڵک دەتوانێت بە ئاسانی لە سندووقەوە بگاتە پەرلەمان و لە پەرلەمانەوە بگاتە حکوومەت؟

کاتێک کابینەی دەیەم لە دوای ئەو هەموو گفتوگۆ و دانیشتن و هەوڵانە پێک نەهات کێشەکە تەنیا کێشەی نێوان دوو یان سێ حزب نەما، بەڵکوو بووە کێشەی دامەزراوە و رەوایەتیی سیاسی، ماکس ڤێبەر لە لێکدانەوەی خۆیدا بۆ دەسەڵات جەخت لە گرنگیی رەوایەتی دەکاتەوە، دەسەڵات تەنیا ئەوە نییە، کە کێ توانای دەسەڵاتداربوونی هەیە پرسیارەکە ئەوەشە کە کێ دەتوانێت ئەو دەسەڵاتە بە شێوەیەکی رەوا و دامەزراوەیی بەڕێوەببات ، لەبەر ئەوە ئەگەر حزبێک بە هەر هۆیەکەوە لە بەشداریی حکوومەت دەکشێتەوە ئەمە مافێکی سیاسییە،بەڵام ئەگەر ئەو هەڵوێستە ببێتە هۆی وەستاندنی دامەزراوەکانی هەرێم و بە درێژایی کات پەرلەمان و حکوومەت لە کار بخات ئەوا پێویستە لە خۆمان بپرسین سنووری نێوان بەرژەوەندیی حزب و بەرژەوەندیی گشتی لە کوێیە؟

لە لایەکی دیکەوە ئەوەی بەسەر شاسواردا هات و گرتن و زیندانیکردنی ئەو، لە رووی سیاسییەوە بوو بە یەکێک لەو گۆڕانکارییە سەرنجڕاکێشانەی کە دواتر کاریگەریی خۆی لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانی دانا. ئەو کەسەی کە پێشتر خۆی وەک یەکێک لە دژبەرە سەرەکییەکانی سیستەمی پارتی و یەکێتی ناساندبوو و لە وتار و هەڵوێستەکانی خۆیدا بە توندی رەخنەی لە هەردوو حزب دەگرت، لە کۆتاییدا لە ژێر فشاری ئەو بارودۆخەی بەسەریدا هات، رێگایەکی دیکەی هەڵبژاردو بوو بەهاوپەیمانی ئەو حزبەی زیندانی کرد،ئەم هاوپەیمانیە لەبری ئەوەی ببێت بەکارای یاریدەدەر بۆ پێکهێنانی کابینەی حکوومەت هێندەی دیکە دۆخەکەی چەقبەستووترکرد ، ئەم گۆڕانکارییە تەنیا گۆڕینی هاوپەیمان نییە نموونەیەکە لەوەی سیاسەت کاتێک لە بنەما و باوەڕە سیاسییەکان دوور دەکەوێتەوە و دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بەرژەوەندی و هەژمارکردنی هێز چۆن دەتوانێت دژبەرێکی دوێنێ بگۆڕێت بۆ هاوپەیمانیی ئەمڕۆ، ئەمە خۆی پرسیارێکی گەورەی سیاسییە، ئەگەر ئەوەی دوێنێ بە دژبەر دەبینرا ئەمڕۆ دەبێتە هاوپەیمان ئایا سیاسەت هێشتا لەسەر بنەمای بەها و باوەڕ و بەرژەوەندیی گشتی بنیاد دەنرێت یان تەنیا بووەتە هەژمارکردنی هاوسەنگیی هێزەکان و پاراستنی بەرژەوەندیی تاک و حزبی؟

ماکیاڤێلی لە لێکدانەوەی جیهانی سیاستەدا پیشانی دەدات، کە هاوپەیمانییەکان زۆرجار لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دروست دەبن نەک هەمیشە لەسەر بنەمای هاوبەشیی باوەڕ، بەڵام ئەوەی سیاسەتی بە بنەما بەهاو قیەم لە سیاسەتی بە بەرژەوەندی جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە سیاستی بە بنەما لە کاتی قورسیدا هێشتا بنەماکانی خۆی دەپارێزێت.

لە راستیدا ئەگەر حزبێک متمانەی خەڵک و کورسیی پەڕلەمانی  بەدەستهێنا نابێت ئەو دەنگەی خەڵک بکاتە ئامرازێک بۆ وەستاندنی دامەزراوەکانی وڵات، ئەوەی زیانی گەورە دەبینێت لە کۆتاییدا تەنیا پارتی و یەکێتی نیە، بەڵکوو قەوارەی هەرێم و  خەڵکی کوردستانە، خەڵک ئەوەی دەوێت کە پەرلەمان کار بکات ، حکوومەت هەبێت و کاروبارەکان راپەڕێنێت و خزمەتگوزاری پێشکەش بکات ، مووچە بدرێت دامەزراوەکان بەهێز بن و هەرێم بتوانێت لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەنگێکی بەهێز قسە بکات

هانا ئارەنت لە بیرۆکە سیاسییەکانی خۆیدا سیاسەت بە بوونی هاوبەش لە بوارێکی گشتیدا دەبەستێتەوەواتە دامەزراوە سیاسییەکان بۆ ئەوە دروست نەکراون کە تەنیا هێزەکان لەسەر یەکدی فشار دروست بکەن بەڵکوو بۆ ئەوە دروست کراون کە جیاوازییەکان لە ناو گفتوگۆ و بڕیارداندا چارەسەر بکرێن، بۆیە کێشەکە تەنیا ئەوە نییە کە کێ سەرۆکی پەرلەمان دەبێت کێ وەزیری کام وەزارەت دەبێت و کێ چەند کورسی دەبات، کێشەکە لەوە گەورەترە
ئایا دامەزراوەکانی هەرێم دەکرێنە قوربانیی ململانێی حزبی یان حزبەکان خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ پێویستییەکانی دامەزراوەکاندا؟ ئەمڕۆ کوردستان بە بارودۆخێکی ئاسایی سیاسی تێناپەڕێت، هەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجە و مووچەو نەوت و داهات و دەسەڵاتی دەستووری لە گفتوگۆ و ملمڵانێدایە، لە هەمان کاتدا ناوچەکەش بە خێرایی بەرەو گۆڕانکارییە گەورەکان دەچێت ، لە دەرەوەی هەرێم هیچ لایەنێک چاوەڕێ ناکات تا حزبەکانی کوردستان کێشە ناوخۆییەکانیان چارەسەر بکەن، هەر کاتێک دامەزراوەکانی هەرێم لاواز بن ئەو لاوازییە بە شێوەیەکی راستەوخۆ دەبێتە بەشێک لە پێگەی سیاسیی هەرێم لە ناو عێراق و ناوچەکەدا، لەبەر ئەوە، هەنگاوی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەوڵدان بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و دەستەی سەرۆکایەتیی خۆی هەڵبژێرێت نابێت تەنیا لە چوارچێوەی ملمڵانێی نێوان پارتی و یەکێتی سەیر بکرێت، ئەگەر ئەم هەنگاوە بتوانێت ئەو قوفڵە سیاسییە بشکێنێت کە پێکهێنانی کابینەی دەیەمی لەسەر وەستاوە ئەوا دەکرێت وەک هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی کارایی دامەزراوەکانی هەرێم سەیر بکرێت

ئەمە بە مانای ئەوە نییە کە هەموو هەڵوێستەکانی پارتی بێ‌کێشە و بێ‌ نەقدن بەڵام لە کاتێکدا کە پەرلەمان و حکوومەت لەبن دەستبن هەر هەنگاوێک بۆ گەڕاندنەوەی دامەزراوەکان بۆ ئیش و کارو خزمەت پێویستی بە هەڵسەنگاندنی سیاسیی خۆی هەیە، چونکە ئەگەر پەرلەمان کار نەکات دیموکراسی تەنیا ناوی دەمێنێت  ئەگەر حکوومەت پێک نەهێنرێت ئەنجامی هەڵبژاردن بەشێکی گرنگی مانای خۆی لەدەست دەدات و ئەگەر دەنگی خەڵک لە سندووقەوە بگاتە ژمارەی کورسی بەڵام لە کورسییەکانەوە نەگاتە بڕیاری حکوومەت ئەوا پەیوەندیی نێوان خەڵک و دامەزراوە سیاسییەکان لاواز دەبێت

کوردستان ئەمڕۆ پێویستی بەوە نییە کە حزبەکان یەکدی بشکێنن پێویستی بەوەیە نەهێڵێت دامەزراوەکانی خۆی تێکبشکێت،حزب دەتوانێت دژبەر بێت بەڵام نابێت دژ بە پەرلەمان بێت،حزب دەتوانێت ئۆپۆزسیۆن بێت بەڵام نابێت دامەزراوەکانی هەرێم بۆ ماوەیەکی درێژ لە کار بخات، حزب دەتوانێت بەرژەوەندیی خۆی هەبێت بەڵام کاتێک بەرژەوەندیی حزب لەسەر بەرژەوەندیی هەرێم دادەنرێت ئەوا زیانەکە تەنیا بۆ حزبێکی دیکە نییە بۆ هەموو کوردستانە، ئەوەی لەم قۆناخەدا گرنگە بردنەوەی پارتی بەسەر یەکێتی یان یەکێتی بەسەر پارتی نییە، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کە دەنگی دەنگدەر ببێتە دەسەڵاتی دامەزراوەیی و پەرلەمان ببێتە پەرلەمان و حکوومەت ببێتە حکوومەت

خەڵکی کوردستان لە 2024دا بڕیاری خۆیان داوە،ئێستا نۆبەی سیاسییەکانە نۆبەی ئەوەیە بزانین ئایا دەنگی خەڵک لە سندووقەوە دەگاتە پەرلەمان لە پەرلەمانەوە دەگاتە حکومەت و لە حکومەتەوە دەگاتە ژیانی هاووڵاتی یان دەنگەکە لە نێوان هەژمارە حزبییەکان و ملمڵانێی دەسەڵاتدا ون دەبێت، چونکە لە کۆتاییدا مێژوو پرسیار ناکات کە لەو دوو ساڵەدا کێ چەند کورسیی هەبوو؛ل مێژوو پرسیار دەکات کاتێک کوردستان پێویستی بە بڕیارهکی گرنگ و پێویست هەبوو کێ ئەو هەمگاوەی هاویشت و بەرپرسیارییەکەی گرتە ئەستۆ؟