حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رۆژێكی ئەم ھەفتەیەی كردە پشوو
K24 - ھەولێر:
گوتەبێژی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، بە بۆنەی چەژنی چار شەمبیا سۆری كوردانی ئێزیدی سبەی رۆژی چوار شەممە كە دەكاتە 20ی ئەم مانگە پشووی فەرمییە لە سەرجەم دامو دەزگاكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان.
سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بە ماڵپەڕی فەرمی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە: "رۆژی چوارشەممە 20 - 4 - 2016 بە بۆنەی جەژنی چارشەمبیا سۆری كوردانی ئێزدی لە سەرجەم فەرمانگە و دەزگاكانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پشووی فەرمییە".
گوتەبێژی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاشكرای كردووە: "رۆژی پێنجشەممە 21 - 4 - 2016 دەوامی سەرجەم فەرمانگە و دەزگاكانی سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاسایی دەبێت".
ئێزیدییەكان چەندین جەژنی تایبەت بە خۆیان ھەیە، چارشەمبیا سۆر، یەكێكە لە جەژنەكانی ئەوان كە زۆر گرنگی پێدەدەن، لەو رۆژەدا ھێلكە رەنگ دەكەن و دەیبەخشنە منداڵان، ھەروەھا لەو رۆژەدا ئێزیدییەكان پیرۆزبایی ئاراستەی یەكتر دەكەن.