بەھۆی بۆردوومانی توركیا چەندین ھاووڵاتی گیریان خواردووە
"بنكە و بارەگانی پەكەكە لە دەروبەری گوندەكان بوردومان دەكات"
K24 - ھەولێر:
كەمێك بەر لە ئێستا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا ناوچەی سنوورییەكانی شارۆچكەی ئامێدیان بۆردوومان كرد و چەند ھاووڵاتیەك بەوھۆیەوە گیریان خواردووە.
پەیامنێری (كوردستان24) لە دەڤەری ئامێدی رایگەیاند: "كەمێك پێش ئێستا فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا بە سەختی بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یان لە سنووری شارۆچكەی ئامێدی بۆردوومان كرد و بەوھۆیەوە ژمارەیەك ھاووڵاتی لە ناو گوندەكان گیریان خواردووە".
ھاووڵاتیەكی دانیشتووی ناوچەكە بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی گوت: "فڕۆكە جەنگییەكان چەند بارەگایەكی پەكەكەیان لە دەوروبەری گوندەكانی گێزێ و دێرەشێ و بێیێ لە سنووری شارۆچكەی ئامێدی بۆردوومان كرد، كۆگای كەلوپەل و چەند بنكەیەكی دیكەی گەریلاكانیان كردووەتە ئامانج".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: "تا ئێستا فڕۆكەكان لە ئاسمان دەخولێنەوە بۆ زانیاری لە بارەی زیانە گیانییەكانی گەریلاكان نەزانراوە، بەڵام زیاتر لە 50 ھاووڵاتی لە گوندی دێرەشێ گیریان خواردووە و ناتوان لە گوند بێنە دەرەوە".
ئەمە لە كاتێكدایە شەڕ و ئاڵۆزیی لە ناوچە سنوورییەكانی باكووری كوردستان لە نێوان گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و سوپای توركیا بەردەوامە، بەھۆی ھەبوونی بنكە و بارەگاكانی پەكەكە لە ناوچە سنوورییەكانی باشووری كوردستان فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا چەندین ساڵە بۆردوومانی ئەو ناوچانە دەكەن و زیانی گیانی و مادی بەر ھاووڵاتیان دەكەوێت.