ئەگەر ھەیە داعش جارێكی دیكە چەكی كیمیایی دژی پێشمەرگە بەكارھێنابێ

جەبار یاوەر :لە لایەن فەرماندەكانی پێشمەرگە ئاگادار كراوینەتەوە

K24 - ھەولێر:

ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، جارێكی دیكە داعش لە رێگەی چەند مووشەكێكەوە چەكی كیمیایی بەرامبەر بە سەنگەرەكانی پێشمەرگە بەكارھێناوە.

لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند: "لە لایەن فەرماندەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ ئاگاداركراوینەتەوە، ئێوارەی دوێنێ چەكدارانی داعش چەند مووشەكێكیان ئاراستەی سەنگەرەكانی پێشمەرگە كردووە و مادەی كیمیایی تێدابووە".

گوتیشی: "راستە ھیچ تاقیگەیەك لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نییە بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی مادەی كیمیایی لە مووشەكەكاندا، بەڵام بەھۆی بۆنی ئەو جۆرە مادەیە و شارەزایی فەرماندەكانی پێشمەرگە، دەزانرێت كە ئەو مووشەكانە چەكی كیمیایی تێدایە".

ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر چەند جارێكی دیكە داعش لە میحوەرەكانی گوێڕ- مەخموور، شنگال، دەوروبەری بەنداوی مووسڵ و شارۆچكەی تازە خورماتوو چەكی كیمیایی بەكارھێناوە، چەندین پێشمەرگە و ھاووڵاتی بەو ھۆیەوە برینداربوونە كە ژمارەكیان بۆ چارەسەری تەندروستی رەوانەی دەرەوەی وڵات كراون.

لە 25 شوباتی ئەمساڵدا لە راگەیاندراوێكدا ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، داعش ھەشت جار چەكی كیمیایی دژی ھێزی پێشمەرگە بەكارھێناوە.