عەبادی داوای پشتیوانی نێودەوڵەتی دەکات
پەیوەندی بە چەند سەرۆكێك دەكات
K24 - ھەولێر:
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حەیدەر عەبادی، پەیوەندی بە ژمارەیەك لە سەرۆكی وڵاتانی ناوچەكەوە كردووە و داوای ھاوكاری و پشتیوانی لێكردوون.
بە گوێرەی راگەیاندراوی نوسینگەی حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق: "لەم چەند رۆژەدا پەیوەندی بە هەریەك لە حەسەن رووحانی سەرۆكی ئێران، شا سەلمان بن عەبدولعەزیز شای سعودیە، شا عەبدوڵای شای ئوردن، تەمیم بن حەمەد ئالسانی میری قەتەر، سەباح ئەحمەد جابر سەباحی میری كوێت، محەممەد بن زاید جێنشینی ئەمیری ئەبو زەبی ئیمارات كردووە".
راگەیاندراوەكە ئاشكرای كردووە: "عەبادی داوای پشتیوانی لەو وڵاتانە كردووە بۆ ئەو چاكسازیانەی كە بەنیازە لە حکوومەتەکەیدا ئەنجامی بدات، ھەروەھا سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ سەرکردەی ئەو وڵاتانە، شەڕی دژی داعش و پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی عێراقی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی تاوتوێ کردووە".
نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەوەشی خستوەتەڕوو: "سەرکردەی ئەو وڵاتانە پشتیوانی خۆیان بۆ عێراق و سەرۆك وەزیران دوپاتكردوەتەوە لە شەڕی دژی داعش و پڕۆسەی سیاسی لە عێراق".
ئەمە لە كاتێكدایە بەھۆی ئاڵۆزییە سیاسییەكان زیاتر لە ھەفتەیەكە پەرمانی عێراق بووەتە دووبەرە، پەرلەمانە مانگرتووەكان داوای دەست لە كاركێشانەوەی ھەرسێ سەرۆكایەتی عێراق دەكەن، خۆپێشاندەرانیش لە گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا بەردەوام لە گوتنتەوەی دروشمەكانی چاكسازی.