نێچیرڤان بارزانی: دەستوور وەکخۆی جێبەجێ نەکراوە

نێچیرڤان بارزانی: ئاوەدانیی هەرێمی کوردستان خزمەتی عێراق دەکات

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 17ـی ئەیلوولی 2026، لووتکەی ئابووری سلێمانی دەستی پێکرد و چالاکییەکانی بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.

لە لووتکەکەدا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد و رایگەیاند: پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان پێویستی بەوەیە رۆڵەکەی فراوانتر و بەهێزتر بێت. بارزانی روونیکردەوە، ئەرکی ئەوان رەخساندنی ژینگەیەکی یاسایی، کارگێڕیی و ئەمنی لەبارە بۆ وەبەرهێنان.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: لە ساڵانی رابردوودا ژێرخانێکی باش و کارگە لە هەرێمی کوردستان دروستکرا، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە لە ئابوورییەکی بەکاربەرەوە هەنگاو بنێین بەرەو ئابوورییەکی بەرهەمهێنەر و فرەچەشن لە رێگەی ئاراستەکردنی زیاتری سەرمایە بەرەو کەرتەکانی کشتوکاڵ، گەشتیاریی و کەرتەکانی دیکە.

جەختیشیکردەوە، نابێت ناکۆکییە سیاسییەکان ببنە ئاستەنگ لە بەردەم بازرگانی و وەبەرهێناندا. هەروەها دووپاتیکردەوە، پێویستە لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا بگەنە چوارچێوەیەکی دەستووریی روون بۆ پرسەکانی دارایی، گومرگ و باجەکان.

سەبارەت بە دۆخی عێراق، نێچیرڤان بارزانی گوتی: ئێمە عێراقێکمان ناوێت کە هەر پێکهاتەیەک پەنا بۆ هێز، ژمارە یان پێگەی خۆی ببات بۆ پاراستنی خۆی، بەڵکو عێراقێکمان دەوێت کە هەموومان پەنا بۆ دەستوور ببەین. باسی لوەشکرد،  خوازیاری عێراقێکن تێیدا یاسا و دەستوور سەروەر بێت و دەبێت سەرجەم پێکهاتەکانی وەک کورد، عەرەب، تورکمان، کریستیان و ئێزدی دڵنیابن لەوەی مافەکانیان جێگیرن و بە گۆڕانکاریی حکوومەتەکان و هاوکێشەی هێز ناگۆڕێن.

سەبارەت بە کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە: پرسەکانی بودجە، مووچە، نەوت، گاز و دەسەڵاتەکان پێویستە چارەسەری دەستووریی هەمیشەییان بۆ بدۆزرێتەوە، بە شێوازێک بەرژەوەندی و مافەکانی سەرجەم هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان بپارێزێت.

نێچیرڤان بارزانی گوتیشی: ئامانج ئەوە نییە هەولێر بەسەر بەغدا یان بەغدا بەسەر هەولێردا سەربکەوێت، بەڵکو ئامانج سەرکەوتنی عێراق و دەستوورە، چونکە هێزی هەموومان لە عێراقێکی فیدراڵی و هەرێمێکی بەهێزدایە لەو چوارچێوەیەدا. راشیگەیاند، کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنرێت و لە رێگەی دیالۆگ، دەستوور و هاوبەشیی نیشتمانییەوە چارەسەر بکرێن.