بارزانى پلانى رزگاركردنى مووسڵ له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى سه‌ربازى ئه‌مريكا تاوتوێده‌كات

له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى سه‌ربازى سوپاى ئه‌مريكا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى پلانى پرۆسه‌ى رزگاركردنى شارى مووسڵى تاوتوێكرد.

K24 – هه‌ولێر:

له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ شاندێكى باڵاى سه‌ربازى سوپاى ئه‌مريكا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى پلانى پرۆسه‌ى رزگاركردنى شارى مووسڵى تاوتوێكرد.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم بڵاويكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ هەینی 22ى نيسان/ ئه‌پريلى 2016، لە شاری هەولێر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە جەنەراڵ جۆزێف دانفۆرد سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا و شاندێكی یاوەری كردووه‌، كە پێكهاتبوو لە ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و مەتیوس میتمان كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێر و ژمارەیەك فەرماندە و راوێژكاری سەربازیی سوپای ئەمەریكا لە عێراق.

به‌ گوێره‌ى زانيارى ماڵپه‌ڕه‌كه‌، لە دیدارەكەدا بە وردی باس لە ئامادەكارییەكان بۆ ئۆپراسیۆنی ئازادكردنی موسڵ كراوه‌ و سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمەریكا وێڕای ئاماژەپێدان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە پێزانینی بۆ سەركردایەتیكردنی سەرۆك بارزانی و قوربانیدانی پێشمەرگە هەبوو و جەختی لە بایەخی بەشداریكردنی پێشمەرگە لە شەڕی ئازادكردنی موسڵ كردوه‌ته‌وە. هەروەها ئەوەیشی دووپاتكردەوە كە ئەمەریكا پابەند دەبێ بە پشتیوانیكردن و یارمەتیدانی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆریستانی داعش.

لە بەرامبەردا سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان، سوپاسی سەرۆك و گەل و حكوومەتی ئەمەریكای كردووه‌ بۆ پشتیوانیكردنی گەلی كوردستان و بڕیاری پێشكەشكردنی هاوكاریی دارایی بە پێشمەرگە كە لەڕووی پڕاكتیكی ومەعنەوی كاریگەریی ئیجابی لەسەر هێزی پێشمەرگەدا هەبووە.

هه‌ر له‌ هه‌واڵى ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تيدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌شكراوه‌، لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا شاندی میوان لەگەڵ سەرۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانی هاوڕابوون كە پێویستە بەر لە پڕۆسەی ئازادكردنی موسڵ لێكتێگەییشتن لەنێوان لایەنەكان و پێكهاتەكاندا هەبێت ئەویش لەپێناو پارێزگاریكردن لە خەڵكی پارێزگای نەینەوا و ڕێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی كارەساتەكان بە تایبەت دەرهەق ئێزیدی و مەسیحییەكان و پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی تری پارێزگاكە.

 

سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵوێستى كورد له‌ به‌غدا، لە كۆبوونەوەكەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق باسی لە پڕۆسەی سیاسیی لە عێراق كردووه‌ و سوپاسی هەڵوێستی پارلەمانتارانی كوردستانی كردووه‌ لە بەغدا كە لە قەیرانی سیاسیدا رۆڵی ئیجابیی خۆیان گێڕاوە.