لیۆناردۆ دی كاپریۆ رەخنەی توند لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەگرێت
لە گوتارێكی رەخنەی توندی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت كە بەرامبەر گۆڕانە ژینگەییەكان ھەڵوێستییان لاوازە.

K24 – ھەولێر:
لیۆناردۆ دی كاپریۆ، ئەكتەری بەناوبانگی ھۆڵیود، لە بارەگای نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیۆ یۆرك، لە گوتارێكی رەخنەی توندی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرت كە بەرامبەر گۆڕانە ژینگەییەكان ھەڵوێستییان لاوازە.
لیۆناردۆ دی كاپریۆ ھاوكات باڵوێزی ئاشتی نەتەوە یەكگرتووەكانە، داواشیكرد، كە واژۆكردنی رێكەوتنی پاریس لە لایەن 171 وڵات ببێتە ھۆی ئەوەی وزەی پاك بەكاربھێندرێت و ھۆكارێك بێت بۆ كەم كردنەوەی گازی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن.
دی كاپریۆ ئەوەشی دووپاتكردەوە، كە كاتی پۆزش ھێنانەوە و خۆ دزینەوە لە كردار كۆتایی پێھاتووە و كاتی یەكخستنی توێژینەوە و ھەواڵەكانە بۆ سنوورداركردنی بەكارھێنانی وزەی ناپاك.
لیۆناردۆ لە 29ی شوباتی ئەم ساڵ خەڵاتی ئۆسكاری بەدەستھێنا.
لیۆناردۆ لە ساڵی 1974 لە ئەمریكا لە دایك بووە، بەشداری لە چەندین فیلم كردووە، ئەكتەرێكی دیاری ھۆڵیودە، لە ساڵی 1997 دەوری سەرەكی بینی لە فیلمی تایتانیك بەو فیلمە ناسرا.