لە باکووری کوردستان پێشانگەی بووك گواستنەوە بە شێوازی دێرین دەکرێتەوە
K24-ھەولێر
لە شاری رەهای باكووری كوردستان پێشانگەیەكی تایبەت بۆ بووك گواستنەوە بە شێوازی دێرین كرایەوە و تێیدا ھەموو كەلوپەل و دابونەریتی دێرزەمانی نەتەوەكان نمیاش دەكرێن، ھەر لە چوارچێوەی پێشانگاكەدا شێوازی بووك گواستنەوە لە کوردەواریدا لە نێو بازاڕی رەهادا نمایش كرا و بووە جێی سەرنجی خەڵكیی.
سەمای کولتوریی و شوێنی پێشوازیکردن و دانیشتنی بووك و زاوا و ئامادەكردنی شرینییی و رازاندنەوەی بووك و زۆر بابەتی دیکەی تایبەت بە ئاھەنگی بووك گواستنەوە بابەتی سەرەكی پێشانگەکەی شاری رەها بوون.
ئەو پێشانگایە بە بەشداریی 22 كۆمپانیا بەڕێوەدەچێت و تێیدا دابونەریتی بووك گواستنەوەی تایبەت بە چەند نەتەوەیەک نمایش دەكرێن.
سیبەل كارسە بەرپرسی پێشانگاكە دەڵێ: "پێم وایە زیندووكردنەوەی رابردوو زۆر جوانە، پێم وایە سودیشی ھەیە، خۆشحاڵم كە ھەنگاوی زیندووكردنەوەی فەرھەنگمان باشە، دەست خۆشیتان لێ دەكەم".
بۆ دەوڵەمەندتركردنی چالاكییەكە بڕیاردرا كە شێوازی بووك گواستنەوە لە نێو کورددا لەشەقامی دیموكراتتیەوە ئامادە بكرێ و بەنێو شاردا بەرەو ھۆتێل كەوتەڕێ، كاروانەكە گشت پێداویستییەكانی بووك گواستنەوەی كۆنی نێو كوردیان بەدەست خستبوو و رێك بووك گواستنەوەیەكی دێرزەمانی كوردیان نمایش كرد.
زاواش وەك كوردێكی رەسەن بە سمێلێكی زلەوە لە تەنیشت بووكەوە تەماشای خەڵكی دەكرد.